3 گۆرانکاریی خێرا دەتوانن ریال مەدرید رزگاربکەن
رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی پرسیارێکی ورووژێنەری لە راپۆرتێکی نوێیدا کردووە "ئێستا چی؟"، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو بارودۆخە تەمومژاویەی کە ئێستا ریال مەدرید تێیدایە، کە خراپترین وەرزی یانەکە لە دوو دەیەی رابردوودا بەڕێدەکات.
رۆژنامەکە جەختی کردەوە کە کارگێڕیی یانە شاهانەکە، بە سەرۆکایەتی فلۆرێنتینۆ پێرێز، درک بە قەیرانەکە دەکات و ئامادەکاری دەکات بۆ گرتنەبەری بڕیاری خێرا بۆ بونیاتنانەوەی تیپەکە لە سەرەتاوە.
ئەی ئێس روونی کردەوە ئەو وێنەیەی ریال مەدرید لە کلاسیکۆ بەرامبەر بارسێلۆنا نیشانی دا، گوزارشتێکی ورد بوو لە وەرزە خراپەکەی: تیپێکی بێ رۆح و بێ کەسایەتی، کە لە هەموو هێڵەکاندا بەدەست کورتهێنانەوە دەناڵێنێت، ئەمەش وایکرد یاریزانەکانی ئەلڤارۆ ئەربێلوا سەیری ئاهەنگی بارسێلۆنا بکەن بۆ نازناوی خولی ئیسپانیا لە بەردەمیاندا.
هەروەها زیادی کرد کە یانەکە ئێستا لە بەردەم3 وێستگەی یەکلاکەرەوەدایە پێش کۆتاییهاتنی وەرز، بەڵام سەرنجی گەورە لەسەر داهاتووە.
هەنگاوی یەکەم، بەپێی رۆژنامەکە، گرێبەستکردنە لەگەڵ راهێنەرێکی نوێ، کە چاوەکان لەسەر جۆزێ مۆرینۆی پۆرتوگالین، چونکە زانیاریی وردی لەسەر هەموو وردەکارییەکانی ئەم وەرزەی ناو تیپەکە هەیە. مۆرینیۆ کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ پێرێز هەیە، راپۆرتی گشتگیری لەسەر ئاستی یاریزانەکان پێ گەیشتووە و وەک بژاردەی سەرەکی دەبینرێت بۆ گەڕاندنەوەی دیسپلین و رۆحی جەنگی بۆ نێو ژووری جلگۆڕینی یاریزانان.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە راهێنەرە پۆرتوگالییەکە بەجددی بیر لە گەڕانەوە بۆ مەدرید دەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی 'دوایین سەمای خۆی'.
هەنگاوی دووەم، لە فالدێبێباسەوەیە؛ گفتوگۆ هەیە لەسەر پێویستی بەهێزکردنی هێڵی بەرگری بە 3 یان 4 یاریزانی نوێ، بەهۆی ئەو مشتومڕەی لەسەر چارەنووسی ئیدیر میلیتاو، فێرلان مێندی، و دەیڤد ئالابای دروستبووە، جگە لە گومانەکان لەسەر دانی کارڤاخال و ونبوونی کارێراس لە کۆتایی وەرزدا. هەروەها یانەکە تاوتوێی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بەهرەمەندە لاوە تاقی نەکراوەکان دەکات و دەیەوێت سەرنج بخاتە سەر یاریزانە خاوەن ئەزموونەکان.
هەنگاوی سێیەم، هێڵی ناوەند دەگرێتەوە؛ پاشەکشەی ئاستی فێدێریکۆ ڤاڵڤێردی و ئۆریلیان چوامینی پرسیاری زۆری لە ناو کارگێڕیی دروست کردووە، هەرچەندە گۆڕانکارییەکان لەم هێڵەدا وەک هێڵی بەرگری خێرا نین.
لە بەرامبەردا، کارگێڕیی پێیوایە هێڵی هێرشبەری پێویستی بە گۆڕانکاری گەورە نییە، و پشت بە سیانییەکە 'جود بێلینگهام، ڤینیسیۆس جۆنیۆر و کیلیان ئێمباپێ' دەبەستێت، لەگەڵ گەڕانەوەی نیکۆ پاز و ئێندریک بۆ پاڵپشتی هێرشبەران.
رۆژنامەی ئەی ئێس جەختی کردەوە کە پێرێز و یاریدەدەرەکانی هێشتا باوەڕیان وایە کوالێتی لە ناو تیپەکەدا هەیە، و زۆر لەو یاریزانانەی ئاستیان دابەزیوە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ باشترین ئاستی خۆیان ئەگەر هاندانی گونجاو لە لایەن دەستەی راهێنەرانی نوێوە هەبێت.
لە کۆتاییدا، رۆژنامەکە دەڵێت ریال مەدرید لە بەردەم رێیانێکی راستی دایە، و هەفتەکانی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبن بۆ دیاریکردنی شێوازی پڕۆژە نوێیەکە، یان بە گەڕانەوەی مۆرینیۆ بۆ سەر کورسی راهێنەرایەتی یان بە دەستپێکردنی شۆڕشێکی سپی کە شکۆی لەدەستچوو بۆ یانەکە بگەڕێنێتەوە.
ریال مەدرید.