زاخۆ لە یاریگای خۆی یاریی دەکات و ئودیشۆ داوایەک لە هاندەران دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی زاخۆ لەنێو یاریگا و هاندەرانی یاریی دەکات و دەیەوێت قەرەبووی یاریی رابردوو بکاتەوە و لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولی عێراق نزیک ببێتەوە.
 
ئەمشەو زاخۆ لەنێو یاریگای خۆی میوانداریی یانەی دیالە دەکات، زاخۆ یاریی رابردووی بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بە گۆڵێک بەرامبەر سێ گۆڵ بەرامبەر کەرخ دۆڕا.
 
زاخۆ دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی قەرەبووی دۆرانەکە بکاتەوە و بگەڕێتەوە سەر رێگای بردنەوەکان.
 
ئەیوب ئودیشۆ، راهێنەری یانەی زاخۆ دەڵێت "یارییەکە زۆر گرنگە بۆ ئێمە، یارییەکانی گەڕەکانی کۆتایی خول هەمیشە زەحمەتن. هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی یارییەکە ببەینەوە و هەنگاو بنێین بەرەو پلەکانی پێشەوە".
 
راهێنەری زاخۆ دەڵێت "پێویستیمان بە پاڵپشتیی بەردەوامی هاندەران هەیە، چونکە ئامادەبوونی ئەوان دەبێت پاڵنەرێکی بەهێز بۆ تیپەکە".
 
تەڵاڵ خەلفان، یاریدەدەری راهێنەری دیالەیە و دەڵێت "ئێمە بەرامبەر تیپێک یاریی دەکەین خاوەنی دەستەیەکی هونەری گەورەیە و توانای زۆرباشیان هەیە، بەڵام متمانەمان بە یاریزانەکانمان هەیە بۆ ئەوەی ئاستێکی بەرز پێشکێشبکەن و پشتیوان بەخوا یارییەکی گەورە دەبێت و ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەستدەهێنین".
 
لە یارییەکە بەهۆی پێکانەوە هەریەکە لە ئێچێتا دیپۆتی و ئەندرێ چەکیچی لە یانەی زاخۆ یاریی ناکەن و ئەحمەد ئیبراهیم بەهۆی سزادانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.