پێنج یانەی گەورەی ئەورووپا داوای ڤاڵڤێردی دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئارسیناڵ و چوار یانەی دیکەی گەورەی ئەورووپا ئارەزووی خۆیان بۆ گواستنەوەی فێدریکۆ ڤاڵڤێردی، ناوەڕاستکاری ئۆرۆگوایی یانەی ریال مەدرید پێشانداوە، دوای ئەوەی دەنگۆی جیابوونەوەی ئەو یاریزانە لە یانە مەدریدییەکە بەهۆی کێشەیەک لەنێو یانەکە بڵاوبووەوە.

میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن ڤاڵڤێردی بەهۆی کێشەیەک لەگەڵ ئۆریلین چوامینی هاوتیپی لە مەشقەکانی رۆژی پێنجشەممەدا، رووبەڕووی پێکان بووە. یاریزانە ئۆرۆگوایییەکە لەنێو ژووری جلگۆڕین خلیسکاوە و سەری بەر مێزێک کەوتووە، دواتر بۆ وەرگرتنی چارەسەر گەیێنراوەتە نەخۆشخانە.

هەرچەندە ڤاڵڤێردی رەتیکردووەتەوە هیچ لێدان و شەڕێک لەنێوانیاندا روویدابێت، بەڵام یانەی ریال مەدرید رێکاری یاسایی بەرامبەر هەردوو یاریزان گرتووەتەبەر و هەر یەکەیانی بەبڕی 500 هەزار یۆرۆ سزا داوە.

پزیشکەکان رایانگەیاندووە ڤاڵڤێردی تووشی زەبری مێشک بووە و پێویستە بۆ ماوەی 10 بۆ 14 رۆژ پشوو بدات. بەو پێیەی دوایین یاریی ریال مەدرید لەم وەرزەدا لە 24ـی مانگی پێنجە، پێشبینی دەکرێت ڤاڵڤێردی چیدی یاریی بۆ یانەکە نەکاتەوە. ئەم دۆخە یانەکانی ئارسیناڵ، چێڵسی، مانچێستەر سیتی، پاریس سانجێرمان و بایرن میونشنی هێناوەتە سەر هێڵ بۆ ئەوەی لە مێرکاتۆی هاوینەدا ئەو یاریزانە تەمەن 27 ساڵانە بگوازنەوە.

داهاتووی ڤاڵڤێردی و یاریزانانی دیکەی ریال مەدرید بەستراوەتەوە بە گەڕانەوەی ئەگەریی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ راهێنەرایەتی یانەکە. مۆرینیۆ ئێستا راهێنەری بێنفیکایە و هەرچەندە گفتوگۆکانی لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز رەتناکاتەوە، بەڵام رایگەیاندووە "تاوەکو دوایین یاریی خولەکە قسە لەگەڵ هیچ بەرپرسێکی ریال مەدرید ناکەم".

فێدریکۆ ڤاڵڤێردی یەکێکە لە ئەستێرە درەوشاوەکانی هێڵی ناوەڕاستی ریال مەدرید و لە ساڵانی رابردوودا رۆڵێکی گرنگی لە بردنەوەی نازناوە ناوخۆیی و ئەورووپییەکاندا هەبووە. ڤاڵڤێردی کە لەساڵی 2016ـەوە پەیوەندی بە یانە مەدریدییەکەوە کردووە، گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2029 بەردەوامە، بەڵام رووداوەکانی چەند رۆژی رابردوو ئەگەری رۆیشتنی ئەو یاریزانەیان لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ زیاتر کردووە.