ڤیدیۆ؛ ڤینیسیۆس، بەرازیلی گەیاندە مۆندیال و مێژوویان تۆمارکرد
رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی بەرازیل یەکەم یاریی لە یاریگەی خۆیدا لەژێر سەرپەرشتی کارلۆ ئەنچێلۆتی ئەنجامدا و بەبردنەوە لە پاراگوای گەیشتە مۆندیالی 2026.
پێشکۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی یارییەکە ڤینیسیۆس جونیۆر گۆڵێکی بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل تۆمارکرد و هاندەرانی نێو یاریگەی کۆرێنچیانزی دڵخۆشکرد.
دوای ئەوە ڤینی تووشی پێکانبوو و گۆڕانکاریی پێکرا و بەدڵتەنگییەوە لەسەر کورسیی یەدەگ دەرکەوت.
بەرازیل لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەرامبەر پاراگوای بەدەستهێنا، تیپەکە لە پلەی سێیەمی ریزبەندی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشوور بووە خاوەنی 25 خاڵ و بەفەرمی سەرکەوتنی بۆ مۆندیالی 2026 مسۆگەر کرد.
ئەمە یەکەم دەرکەوتنی ئەنچێلۆتی بوو لە خاکی بەرازیلدا و لە رۆژی لە دایکبوونیدا تیپەکەی گەیاندە مۆندیالی داهاتوو و هەڵبژاردەی بەرازیل بۆ جاری 23ـەم بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکات.
هەڵبژاردەی بەرازیل تاوەکو ئێستا بەشداریی لەسەرجەم مۆندیالەکاندا کردووە و یەکەم هەڵبژاردەیە لە مێژوودا بەشداریی لە هەر 23 مۆندیالدا کردبێت، جگە لەو هەڵبژاردەیە هیچ هەڵبژاردەیەکی دیکە لەسەر ئاستی جیهان نەیتوانی ئەم ریکۆردە تۆماربکات.