ڤیدیۆ؛ پەڕەشووتوانێکی کورد پاڵەوانی کازاخستان بوو
رووداو دیجیتاڵ
وەرزشوانێکی کورد بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتیدا دەکات لە کازاخستان، کە بە پەڕەشووت نیشانە دەشکێنن و پلەی یەکەم لەنێو 53 وەرزشوانی سەرانسەری جیهاندا بەدەستدێنێت.
هەژار جەبار، پەڕەشووتوانی کورد بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی جیاوازدا کرد، بەجۆرێک بەشداربووان لە ئاسمانەوە بە پەڕەشووت خۆیان هەڵدەدەن و لە خوارەوە ناوچەیەکی بازنەیی تایبەت دانراوە وەک نیشانەیەک، کە دەبێت لەوێ بنیشێتەوە، هەر بەشداربووەک نزیکتر لە خاڵی ناوەڕاستی ئەو بازنەیە بنیشێتەوە خاڵی زیاتر وەردەگرێت و هەر یەکێکیان 12 هەوڵی هەیە، ئەوەی لەکۆی هەوڵەکانیدا زۆرترین خاڵ کۆبکاتەوە پلەی یەکەم بەدەستدێنێت.
هەژار جەبار، کە لەگەڵ تیپێکی سێ کەسی بەشداری لەو پاڵەوانێتییەدا کرد، لەسەر ئاستی تاکەکەسی لەنێو 53 پەڕەشووتواندا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و وەک تیپیش پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
ئەو لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، گوتی "لەسەر ئاستی تاک رکابەرییەکە زۆر سەخت بوو، چونکە یاریزانانی وڵاتەکانی دیکە پاڵپشتییەکی زۆریان هەبوو، کەچی کەس پشتگیری نەکردم و من لەسەر گیرفانی خۆم بەشدارییم کرد، زەحمەتییەکی زۆرم بینی، بەڵام سوپاس بۆ خوا گەیشتمە ئامانجەکەم".
هەژار لەسەر ئاستی تیپیش ئەنجامێکی باشی بەدەستهێنا و لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت "من تیپێکم لە سێ پەڕەشووتوان دروستکرد کە پێویست بوو لەگەڵ دوو پەڕەشووتوانی وڵاتانی دیکە بم. یەکێکیان هیندی و یەکێکیشیان ئێرانی بوو، لەوێش پلەی سێیەممان بەدەستهێنا".
ئەو گەنجە کوردە، کە تەمەنی 37 ساڵە، خەڵکی هەڵەبجەی شەهیدە و ئێستا دانیشتووی هەولێرە، گوتی "زیاتر لە 9 ساڵە ئەو یارییە دەکەم، بەشداریم لە 19 پاڵەوانێتیدا کردووە".
سەبارەت بەوەی کە بۆچی لە کاتی خەڵاتکردنیان ئاڵای عێراقی بەرزکردەوە نەک ئاڵای کوردستان؟ هەژار بە رووداوی گوت "پاڵەوانێتییەکە نێودەوڵەتییە و ناچار بووم ئاڵای ئەو وڵاتە بەرز بکەمەوە کە نوێنەرایەتی دەکەم".
هەژار جەبار پێش ئەو پاڵەوانێتییە لە پلەی 190ـی ریزبەندیی جیهانی ئەو یارییەدا بوو، بەڵام دوای بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی ئەم پاڵەوانێتییە ئێستا هەژار هاتووەتە پلەی 80ـی ریزبەندییەکە.