لە بارسێلۆنا کۆبوونەوەی 'ئێسک شکاندن' بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
لە بارسێلۆنا، کۆبوونەوەیەکی گرنگ و چارەنووسساز بەڕێوەدەچێت کە میدیاکان بەکۆبوونەوەی 'ئێسک شکاندن' ناوی دەبەن، ئەمەش بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی تیر شتیگنی گۆڵپارێزی یانەکە.
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، هانزی فلیک راهێنەری یانەکە و تیر شتیگن کۆبوونەوەیەکی داخراو ئەنجامدەدەن، بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی ئەو گۆڵپارێزە کە لەسەر مانەوە سوورە، لە کاتێکدا یانەکەی دەیەوێت بەهەرنرخێک بێت، لە یانەکە بچێتە دەرەوە.
پێشبینیکراوە لە کۆبوونەوەکەدا، دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیش ئامادەبێت بۆ بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەو دۆسێیەوە، کە بەبۆچوونی میدیای کەتەلۆنیا، بووەتە سەرچاوەی دڵەڕاوکە لە یانەکەدا.
میدیاکان دەڵێن، بارسێلۆنا نزیکە لە یەکلاکردنەوەی گرێبەستی خوان گارسیای گۆڵپارێزی ئیسپانیۆل و ئەوەش مانای ئەوەیە کە یانەکە سوورە لەسەر رۆیشتنی تیر شتیگن، لە کاتێکدا دەیەوێت فیوچیک چێزنی لانیکەم بۆ وەرزێکی دیکە بهێڵێتەوە.
یانەی بارسێلۆنا بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی گارسیای گۆڵپارێز، مەرجی سزایی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو گۆڵپارێزە لەگەڵ یانەکەی دەدات کە 25 ملیۆن یۆرۆیە و راگەیاندنی گرێبەستەکەی لە ئانوساتدایە.
تیر شتیگن، رۆژی یەکشەممە گەڕایەوە بارسێلۆنا، پاش بەشداریکردنی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە قۆناخی کۆتایی نەیشنسلیگ و وەک میدیاکان دەڵێن، ئەو گۆڵپارێزە هەست بەتووڕەییەکی زۆر دەکات و پێیوایە بەرپرسانی یانەکەی هەموو توانای خۆیان بۆ دەرپەڕاندنی لە یانەکە خستووەتە کار.
لە کاتێکدا بارسێلۆنا سوورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو گۆڵپارێزە، شتیگن ویستی گەورەی بۆ بەردەوامبوون لە یانەکە پێشانداوە و دەیەوێت لە کۆبوونەوەکەدا دووپاتی بکاتەوە نایەوێت لە یانەکە بڕوات.
تیر شتیگن ئەگەرچی لەگەڵ ئەڵمانیا درەوشاوەتەوە، بەڵام یانەکەی سوورە لەسەر دەستبەرداربوونی، تەنانەت ئامادەیە تەواوی موچەی وەرزی داهاتووی ئەو گۆڵپارێزە بدات، بەمەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی کە دوو ساڵی ماوە، بەڵام شتیگن رەتیدەکاتەوە و داوای بەردەوامبوون لە یانەکە، یان وەرگرتنی تەواوی موچەی دوو ساڵەکەی دەکات.
میدیاکان دەڵێن، هۆکاری سووربوونی بارسێلۆنا لەسەر رۆیشتنی ئەو گۆڵپارێزە 33 ساڵییە، بۆ تۆماری ئەو لە پێکانەکان دەگەڕێتەوە، بەتایبەت کە لە دوو وەرزی رابردوودا، دوو نەشتەرگەری لە ئەژنۆ و پشتیدا ئەنجامداوە، لە کاتێکدا خوان گارسیا لاوە و تەمەنی تەنیا 24 ساڵە.