فلیک بۆ بارسێلۆنا: تەنیا ئەلڤارێزم دەوێت
رووداو دیجیتاڵ
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا بڕیار خۆی داوە و هێرشبەرێکی هەڵبژاردووە، دەیەوێت ئەو بباتە ریزەکانی بارسا. رادیۆی کادینا سێر دەڵێت "فلیک بڕیاریداوە بارسێلۆنا تەنیا بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو هێرشبەرە بکات، تەنانەت ئەگەر ئەم وەرزەش نەبێت".
رادیۆی کادینا سێر ئاشکرایکرد، هانزی فلیک ناوی جولیان ئەلڤارێزی ئەرجەنتینی، هێرشبەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی بە بەرپرسانی بارسێلۆنا داوە و پێیڕاگەیاندوون کە گرێبەستی لەگەڵ بکەن، ئەگەر بۆ ئەم وەرزەش نەبێت.
دوای وەرزێکی ناوازە کە تیایدا بارسێلۆنا سێ نازناوی ناوخۆیی بردەوە، کارگێڕیی یانە کەتەلۆنییەکە بەبایەخەوە سەرنجی خۆی ئاراستەی بازاڕی گواستنەوەی هاوینە دەکات، چونکە ئیدی خواستی تیپەکە تەنیا لە باڵادەستی ناوخۆییدا سنوردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ بەدەستهێنانەوەی شکۆمەندی ئەورووپی و گەیشتن بە خەونە گەورەکەی کە ئەویش دووبارە بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگە.
فلیک بڕیاری داوە بارسێلۆنا هێرشبەرێکی نوێ بگوازێتەوە بۆ ئەوەی جێگەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی هێرشبەری ئێستای بگرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی لیڤاندۆڤسکی وەرزی رابردوو درەوشایەوە و 42 گۆڵی لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا تۆمارکرد و بەشداری لە بردنەوەی سێ نازناوی خول، جامی شا و جامی سوپەری ئیسپانیا کرد.
یانە کەتەلۆنییەکە پلان بۆ داهاتوو دادەڕێژێت بەگواستنەوەی هێرشبەرێکی لاو، بەتایبەتی کە یاریزانە پۆڵەندییەکە ئێستا تەمەنی 36 ساڵە.
بارسا لەم هاوینەدا ناتوانێت گرێبەست لەگەڵ ئەلڤارێز بکات، بەڵام وەرزی 2025-2026 لەگەڵ لیڤاندۆڤسکی هێرشبەری ئێستای خۆی دەستپێدەکات و دوای کۆتاییهاتنی وەرزەکە گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە دەکات.