لاپۆرتا دەیەوێت بە 100 ملیۆن یۆرۆ بارسێلۆنا بکاتە بەهێزترین تیپی ئەورووپا

رووداو دیجیتاڵ

 

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا پلانێکی ستراتیژیی گەورەی داناوە کە بەهاکەی 100 ملیۆن یۆرۆیە و پێیوایە گۆڕانکاری لە تیپە نوێیەکەی هانزی فلیک دەکات بەبێ ئەوەی سازش لەسەر هاوسەنگی دارایی یانەکە بکات.
 
پلانی لاپۆرتا بریتییە لە گرێبەستکردن لەگەڵ سێ یاریزان بۆ وەرزی داهاتوو، کە بڕی 100 ملیۆن یۆرۆیان تێدەچێت و پێیوایە بارسا بەو سێ یاریزانە دەبێتە بەهێزترین یانەی ئەورووپا.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئیل ناسیۆناڵی ئیسپانی، یەکەم هەنگاوەکانی ئەم پلانە لە ئێستاوە دەستیپێکردووە، کە بارسێلۆنا لەم هەفتەیەدا 25 ملیۆن یۆرۆی تەرخانکردووە بۆ تەواوکردنی گواستنەوەی خوان گارسیای گۆڵپارێزی ئیسپانیۆل. 
 
چاوەڕوان دەکرێت گۆڵپارێزە لاوەکە دەستبەجێ لە پێکهاتەی سەرەکی دەستپێبکات، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی متمانەی تەواوی کارگێڕیی وەرزشیی و هانزی فلیکی راهێنەر بە کوالیتییەکەی.
 
شانبەشانی لایەنی وەرزشیی، گرێبەستەکە هەنگاوێکە بەرەو گەنجکردنەوەی پێگەی گۆڵپارێز و هەنگاونان لە سەردەمی تێرشتیگن کە ئێستا رۆیشتنی لەژێر دانوستاندندایە. گارسیا لەم پۆستەدا دڵنیایی بۆ تیپەکە دابین دەکات، وێڕای ئەوەی مووچەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمترە لە هاوتا ئەڵمانییەکەی.
 
دووەم گرێبەست کە خوان لاپۆرتا بیری لێدەکاتەوە، گرێبەستکردنە لەگەڵ ئەلێکس گریمالدۆی بەرگریکاری یانەی بایرلیڤەرکوزن کە لەم وەرزەدا یەکێک بووە لە بەرگریکارە دیارەکانی ئەورووپا. 
 
دانوستاندنەکان بەندن بەئەگەری رۆیشتنی جیرارد مارتن کە چەندین دەستەوارەی بۆ هاتووە. ئەگەر گرێبەستەکە بەبڕی ١٥ ملیۆن یۆرۆ تەواو بێت، ئەوا فلیک جێگرەوەیەکی بەهێزی دەبێت بۆ ئەلیخاندرۆ باڵدێ، ئەمەش رکابەری لەو پۆستەدا زیاد دەکات.
 
سێیەم و گەورەترین هەنگاو لە پلانەکەی لاپۆرتادا گرێبەستکردنە لەگەڵ نیکۆ ویلیامز. یانەکە بەجدی بیر لە دانی مەرجی سزایی ئەو یاریزانە دەکاتەوە بۆ ئەوەی نەچێتە گفتوگۆ لەگەڵ ئاتلێتیک بیلباوەوە کە 60 ملیۆن یۆرۆیە.
 
فلیک، نیکۆ وەک زیادکردنێکی پێویست بۆ هێڵی هێرشبردنی تیپەکە دەبینێت، ئەمەش بەهۆی خێرایی و زیندوویی و توانای چوونە ناو بەرگریکارانەوە، هەروەها پەیوەندی باشی یاریزانەکە لەگەڵ لامین یامال دەکرێت رۆڵی هەبێت لە دروستکردنی دووانە هێرشبەرێکی تۆقێنەر لە ساڵانی داهاتوودا.
 
لەگەڵ دەستنیشانکردنی سێ گرێبەستەکە، ئێستا لاپۆرتا سەرنجی لەسەر چۆنیەتی دابینکردنی 100 ملیۆن یۆرۆیە بۆ پلانەکەی. ئەو دان بەوەدا دەنێت کە ئەمە بەبێ فرۆشتنی چەند یاریزانێک ناکرێت، بەڵام ئەگەر هەیە هەندێکیان بڕۆن.
 
خوان لاپۆرتا پێیوایە ئەم سێ گرێبەستە پێکهاتەیەکی هاوسەنگتر و رکابەریی زیاتر بە هانزی فلیک دەبەخشێت، بەبێ ئەوەی پێویستی بە خەرجییەکی گەورە هەبێت.
 
ئەگەر پلانەکە سەرکەوتوو بێت، ئەوا تیپەکە گۆڵپارێزێکی متمانەپێکراو و بەرگریکارێکی باڵی پلەیەک و هێرشبەرێکی باڵی یەکلاکەرەوەی بۆ زیاد دەبێت، سێ زیادکردن کە توانای گۆڕینی پڕۆژەی کەتەلۆنییان هەیە بەبێ ئەوەی سازش لەسەر سەقامگیریی دارایی یانەکە بکەن.