روونی هۆکاری پەیوەندینەکردنی بە خولی چین ئاشکراکرد
رووداو - هەولێر
وەین روونی، هێرشبەری یانەی ئێڤەرتۆنی ئینگلیزی هۆکاری رەتکردنەوەی پەیوەندیکردنی بە خولی چین ئاشکراکرد.
روونی پێش ئەوەی لە مانچێستەر یونایتدەوە بگەڕێتەوە ئێڤەرتۆن لە چینەوە چەندین دەستەوارەی گەورەی پێشکەشکرا، بەڵام یاریزانەکە هەمووانی رەتکردەوە.
لەو بارەیەوە روونی بە تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتی راگەیاندووە، ئەو عاشقی یاریکردنە لە ریزەکانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، گارێس ساوسگەیتی راهێنەری هەڵبژاردەکەش پێی راگەیاندووە، دەرگای پەیوەندیکردن بە هەڵبژاردەکە هەمیشە بۆ ئەو لەسەر پشتە.
گۆڵدن بوی زیاتر گوتی، دەمەوێت هێشتا لەگەڵ ئینگلتەرا یارییبکەم، چوونی من بۆ خولی چین ئەو دەرفەتەی کەمدەکردەوە، لەبەرئەوەش ئێڤەرتۆنم پێ باشتربوو و ئەو یانەیەم هەڵبژارد.