ژاڵه جیهاد: كاراتێی كچان ته‌نیا بۆ چه‌ند كه‌سێكه
كارزان كانه‌بی
رووداوی وه‌رزشی ـ چه‌مچه‌ماڵ
ژاڵه جیهاد، یاریزانى تیپى كاراتێی كچانى یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى سلێمانى، به (رووداوى وه‌رزشی) راگه‌یاند ئاستى یارى كاراتێ زۆر به‌ره‌و دواوه چووه، هه‌موو ساڵێك چه‌ند یاریزانێك هه‌یه له پاڵه‌وانیه‌تییه‌كان یارى ده‌كه‌ن و هه‌ر ئه‌وانه‌شن و زیاد نابن".
یاریزانانى كاراتێی یانه‌كانى كوردستان به‌رده‌وام گله‌یی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه پاڵه‌وانیه‌تی به‌رده‌وامیان بۆ ناكرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى په‌ره به تواناكانى خۆیان بده‌ن و بتوانن كێبڕكێ بكه‌ن له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانى ئه‌نجامى شایسته له یارییه‌كانى كاراتێ و بتوانن به‌شداربن له خول و پاڵه‌وانیه‌تییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم. یه‌كێك له‌و یاریزانانه‌ش كه به‌رده‌وام له مه‌شق و ئاماده‌كارییه‌و ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری ئه‌و یارییه بێت، ژاڵه جیهادى یاریزانى تیپى كاراتێی یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى سلێمانییه. ئه‌و له‌باره‌ی ئه‌و یارییه‌وه به (رووداوى وه‌رزشی) گوت "ئاستى یارى كاراتێ له كوردستان به‌ره‌و دواوه چووه".
ژاڵه گله‌یی له به‌رپرسان و كارگێڕی یانه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێت "به‌ڕاستى هه‌موو ساڵێك چه‌ند یاریزانێك هه‌یه، ئه‌وانه دیاریكراون هه‌ر پاڵه‌وانیه‌تییه‌ك هه‌بێت ته‌نیا ئه‌وانه ده‌به‌ن، بۆیه تاوه‌كو یاریزانیش پاڵه‌وانیه‌تییه‌كانى ده‌ره‌وه نه‌بینێت پێش ناكه‌وێ، چونكه له ناوخۆى عێراق هیچ پاڵه‌وانیه‌تیه‌ك ناكرێته‌وه بۆ ئاستى پێشكه‌وتووانى كچان".
له‌باره‌ی كار و پلانه‌كانی خۆی و ده‌نگۆی ئه‌وه‌ی گوایه ده‌یه‌وێ تیپێكی ئاستی بچووك دروست بكات، ژاڵه گوتی "ئێستا هیچ به‌رنامه‌یه‌كم نییه، بڕیارى ئه‌وه‌شم نه‌داوه تیپێكى ئاستى بچووك دروست بكه‌م، چونكه هێشتا كاتى ئه‌وه نه‌هاتووه من یاریزانى بچووك پێبگه‌ینم".
هه‌روه‌ها له‌باره‌ى نه‌هاتنه پێشه‌وه‌ى كچان بۆ ئه‌م یارییه‌ش گوتی "یارى كاراتێ یارییه‌كى خۆشه، به‌ڵام كچان وا هه‌ست ده‌كه‌ن كه ئه‌م یارییه له‌گه‌ڵ سروشتى كچان ناگونجێ، كه له راستیدا وا نییه، یارییه‌كى زۆر خۆشه‌و كچان ده‌توانن له پاڵه‌وانیه‌تییه‌كاندا مه‌دالیاى جۆراوجۆر به‌ده‌ستبێنن، هیوادارم بایه‌خ به كاراتێی كچان بدرێت و پاڵه‌وانیه‌تى زیاتریان بۆ بكرێته‌وه، منیش بتوانم به‌شداری له پاڵه‌وانیه‌تییه‌كی نێوده‌وڵه‌تیدا بكه‌م و مه‌دالیای زێڕ ببه‌مه‌وه".