ڤیدیۆ؛ شێخ مەنسوور بۆ ئەوە لەدایکبووە دەست بەسەر پرێمەرلیگدا بگرێت

رووداو دیجیتاڵ

 

بە بیرکردنەوەیەکی گەورە و تێڕوانینێکی فراوان و دونیابینییەکەوە لەپێناو گەشەپێدانی وەرزش و بەدەستهێنانی سەرمایەی زیاتر، مەنسوور بن زاید، یەکێک لە کەسایەتییە هەرە دیار و دەسەڵاتدارەکانی ئیمارات، رۆژ لە دوای رۆژ هەنگاوی زیاتر بەرەو دروستکردنی ئیمپراتۆریایەکی وەرزشی دەنێت، کە پێناچی وا بە ئاسانی کەس پێی بگاتەوە.
 
مەنسوور، تەمەنی پەنجا ساڵە، یەکێکە لە وەبەرهێنەر زەبەلاحەکانی دونیا، بەئارامی و دوور لە دەرکەوتن و خۆدەرخستن پڕۆژەیەکی یەکجار گەورەی وەبەرهێنانی لە وەرزشدا دەستپێکردووە، کیشوەر نییە و پێیەکی وەبەرهێنانەکانی ئەوی لێنەبێت، ناوچە نییە، یانەیەک و دامەزراوەیەکی وەرزشی بەشێک نەبن لە دونیا وەرزشییە تایبەتەکەی ئەو.
 
شێخ مەنسوور ئێستا تەمەنی پەنجا و دوو ساڵە، پیاوی پشتی ژوورە داخراوەکان و جووڵەی خێرا و ستراتیجی بیرکردنەوەی ئیماراتییەکانە لە وەرزشدا، ئەو بووە نوێنەری وڵاتەکەی خۆی کە دەیەوێت وەبەرهێنان لە وەرزشدا بباتە ئاستێکی جیهانییەوە، ئاستێک کە تێیدا گۆڕەپانێکی گەورەی وەرزش لەمسەری جیهانەوە تا ئەوسەری بگرێتەوە.
 
مەنسوور لە وڵاتەکەیدا دەیان پۆست و پلەی جیاوازی هەیە، ئەو وەبەرهێنانەکانی لە دونیای وەرزشدا لە ساڵی 2008 و بەکڕینەوەی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی دەستپێکرد، ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵی کەمی رابردوودا لەسایەی خاوەندارێتی ئەو بۆ ئەو یانەیە بەدەستهاتووە، یانەکە لە تەمەنی 128 ساڵەی خۆیدا ئەوەندەی پێنەکراوە. راستەی مەنسوور بەپارە یانەیەکی گەورەی دروستکردووە، بەڵام هەمیشە وەرزش پێویستی بەپارە و پشتگیری و وەبەرهێنانی زیرەکانە هەیە، مەنسوور و یاریدەدەرەکانی، ئەو کەسانەن کە پارەی گونجاو لە شوێنی گونجاودا بەکاردەهێنن.
 
کارەکانی شێخ مەنسوور، نەک هەر مانچێستەر سیتییان لە یانەیەکی ئاساییەوە کردە زەبەلاح و گەورەیەکی ئینگلتەرا و ئەوروپا، بەڵکو ئەوان کولتووری تێڕوانین بۆ خاوەندارێتی یانەکان و وەبەرهێنان لە بواری وەرزشیان لە ئینگلتەرادا گۆڕی. 
 
مەنسوور دوای 10 ساڵ لە خاوەندارێتی مانچێستەر سیتی، لەبارەی هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو یانەیەوە گوتی، مانچێستەر سیتی ئەو یانەیە بوو کە من بەشوێنیدا دەگەڕام، ئەو زەبەلاحێکی نووستووبوو، پێویستی بە یەکێک هەبوو بەئاگای بهێنێتەوە، ئێمە ئەو زەبەلاحەمان بەئاگاهێنایەوە.
 
کڕینەوەی مانچێستەر سیتی، یەکەم بەردی بناخەی ئەو پڕۆژە گەورەیەبوو کە مەنسوور بن زاید ئالنەهیان لە رێگەی سیتی گرووپەوە هەنگاوی بۆ نا و ئێستا گەیشتووەتە خاوەندارێتی 13 یانە لە کیشوەرە جیاوازەکانی دونیادا. ئەو یەکەم بەردی پڕۆژەیە زۆر بە پتەوەی خستە روو، هەر زوو یاریگەی یانەکەی گەورەکرد و یانەکە بووە خاڵی سەرنجڕاکێش بۆ راهێنەر و یاریزانە درەوشاوەکان.
 
ئێستا ئیمپراتۆریا وەرزشییەکەی مەنسوور بن زاید، وەک یەک پەیکەری مەزن لەپێناو یەکدیدا کاردەکەن، یانەکانی ئەو گرووپە لەسەرانسەری دونیادا، پارەیان تێدا خەرجدەکرێت و پارە بەرهەم دەهێنن، یاریزان دروستدەکەن و یاریزان دەخەنە روو، تادێ هەنگاوەکان بۆ گەورەبوون و گەورەتربوون، بەردەوام و بەردەوام دەبن.