خولی ئەستێرەکانی عێراق پڕ دەبێت لە ئەستێرە

رووداو هەولێر 

بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی خولی ئەستێرەکانی عێراق گەرم و گوڕە و یانەکان گرێبەستی گرانبەها واژۆ دەکەن، هێنانی ئەستێرە گەورەکان بووەتە دیاردەیەکی باوی تیپەکان و چاوەڕواندەکرێت وەرزی داهاتوو ململانێییەکی گەورە ببیندرێت.
 
یانەی گەرمە ناوێکی نوێ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە دووەم بەشداریی خولەکەدا گرێبەستی سەرنجڕاکێش و گرانبەهای کردووە، بەرچاوترین گرێبەستی تیپەکە رازیکردنی ئەیمەن حوسێن، گۆڵکاری هەڵبژاردەی عێراق بوو کە بەهاکەی زیاتر لە ملیارێک دیناری عێراقی بوو. 
 
یانەی زەورا خاوەنی پلەی دووەمی وەرزی رابردوو، ئەمساڵ بەسەرپەرشتی عەبدولغەنی شەهدی راهێنەر بە گڕوتینێکی زۆر دەردەکەوێت و چاوەڕواندەکرێت ململانێی نازناوەکە بکات. 
 
ئاکام هاشم، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی عێراق درێسە سپیەکەی نەورەسەکانی بەغدای پۆشی. هەروەها زەورا بەهێنانی چەند ئەستێرەیەکی هەڵبژاردەی ئوردن ریزەکانی بەهێزتر کرد، کە بریتین لە هەریەک لە نزار رشدان، رەزق بەنی هانی لەگەڵ عەبدوڵڵا نسیب، ئەو ئەستێرە ئوردنیانە رۆڵێکی گەورەیان لە گەیاندنی هەڵبژاردەکەیان بۆ مۆندیالی 2026 هەبوو.
 
یانەی ئەمانە بەغدا، سوفیان فیگولی، ئه‌ستێره‌ی هەڵبژاردەی جەزائیر هێنایە ریزەکانی، ئەو یاریزانە بەنێوبانگە پێشتر لە یانەکانی ڤالێنسیای ئیسپانی، وێستهام یونایتدی ئینگلیزی و گاڵاته‌سه‌رای توركی یاریكردووه‌.
 
سوفیان فیگۆلی، دوای گەیشتنی بەشوێنی حەوانەوەی لە شاری بەغدا لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "من زۆر دڵخۆشم لێرە و بەگڕوتینەوە چاوەڕێم درێسی یانەکەم بپۆشم، سوپاسی دەستەی کارگێڕیی یانەی ئەمانە بەغدا دەکەم و وەرزێکی خۆش چاوەڕێمانە".
 
یانەکانی کوردستانیش ریزەکانیان بە ئەستێرەی بەنێوبانگ و دیار تۆکمەکردووە. یانەی هەولێری خاوەنی چوار نازناوی خولی عێراق ئامادەکارییەکانی بەهۆی کێشەی هەڵبژاردنەکانی دەستەی کارگێڕیی یانەکە دواکەوت، بەڵام لە دوای هاتنی باسم قاسم، وەک راهێنەری نوێی یانەکە، دەست بە واژۆکردنی گرێبەستەکان کراوە.
 
هەولێر گرێبەستکردنی لەگەڵ شێرزۆن تەیمیرۆڤ، یاریزانی هەڵبژاردەی ئۆزبەکستان راگەیاند، ئەو هێرشبەرە پێشتر لە خولی ئێرانی لە یانەکانی پیریسپۆلیس و پەیکان یاریکردووە. 
 
یانەی نەورۆز وەرزێکی پڕ لە ئەستێرەی کوردان بەڕێدەکات، هێنانی کاردۆ سدیق، ئەستێرەی پێشووی یانەی کریستاڵ پاڵاسی ئینگلیزی و هیران ئازاد، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق دوو بەهێزترین گرێبەستی یانەکە بوون. 
 
یانەی زاخۆ بەهیوای بردنەوەی یەکەم نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق و ململانێ لە جامی یانەکانی کەنداو زۆرترین ئەستێرەی لە تیپەکەیدا کۆکردووەتەوە، تیپەکە لە وەرزی نوێدا پشت بە ویسام رزقی راهێنەری قەتەری دەبەستێت. هەروەها گرێبەستی لەگەڵ محەممەد یاتارای، هێرشبەری سەنیگالیی پێشووی یانەی لیۆنی فەرەنسی کردووە.
 
شێرکۆ کەریم، کاپتنی پێشووی یانەی هەولێر ئەمساڵ چووەتە ریزی کوڕانی خابوور، ئوسامە رەشید ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی عێراق بە هەمانشێوە، عەلا دالی، یاریزانی هەڵبژاردەی سوریا و ژمارەیەک یاریزانی دیکەی ئاستبەرز تیپی زاخۆیان بەهێزتر کردووە. 
 
یانەی دهۆک پاڵەوانی جامی یانەکانی کەنداو ئەمساڵ سەمای سامبا دەکات، تیپەکە لەژێر سەرپەرشتی ستافێک راهێنەری بەرازیلی دەبێت، دهۆک پارێزگاری لە ئەستێرەکانی وەک هاڕوون ئەحمەد و ئەستێرەکانی دیکەی کردووە لەگەڵ هێنانی چەند یاریزانێکی نوێ.