ئەلۆنسۆ بە بڕیارێک ئێمباپێ دەخاتە پێش ڤینیسیۆس
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا هەمووان چاوەڕێی ئەوەن بزانن چابی ئەلۆنسۆ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی ئەستێرانەی دەکات کە لە هێڵی پێشەوە یاری دەکەن، ئەو راهێنەر لە کاتێکی هەستیاردا بڕیارێکی هەستیاری دا، کە لە بەرژەوەندی کیلیان ئێمباپێدایە لەسەر حسابی هاوڕێکانی دیکەی.
سەرەڕای ئەوەی تا راددەیەک جێگەی مەترسییە، بەڵام ئەو بڕیارەی ئەلۆنسۆ هەنگاوێکیشە کە لەوانەیە ئەو هاوسەنگییە لەدەستچووە بگەڕێنێتەوە کە لە یەکێک لە گرنگترین وردەکارییەکانی وەرزەکانی رابردوودا بووە جێی مشتومڕ.
بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان لە سەرچاوە نزیکەکانی یانەکەوە، چاڤی ئەلۆنسۆ بڕیاریداوە کۆتایی بە سیستمی بەنۆرەی لێدانی پێناڵتییەکان بهێنێت. ئەمە هەمان ئەو سیستەمە بوو کە لە ئەزموونی پێشووی لەگەڵ بایەرلیڤەرکوزن پەیڕەوی دەکرد و تێیدا لە ماوەی یەک وەرزدا دەرفەتی بە 9 یاریزانی جیاواز دابوو لێدانەکان جێبەجێ بکەن، بەڵام لەگەڵ ریال مەدرید، دۆخەکە بە تەواوی جیاواز دەبێت.
راهێنەرە ئیسپانییەکە بڕیاریداوە بەرپرسیارێتیی یەکەم و تەواوی جێبەجێکردنی لێدانەکانی سزای ئەم وەرزە بداتە کیلیان ئێمباپێ، تاوەکو ببێتە جێبەجێکاری یەکەمی لێدانەکانی سزا لە یانەکە. ئەمەش هەنگاوێکی ستراتیژییە کە ئامانجی لەلایەک باشترکردنی کاریگەریی گۆڵکردنە و لەلایەکی دیکەشەوە، پاڵپشتییەکی زیاترە بۆ یاریزانە فەرەنسییەکە لەسەر ئاستی ئامارە تاکەکەسییەکانی.
ریال مەدرید لە سەردەمی کارلۆ ئەنچێلۆتیدا رووبەڕووی کێشەیەکی راستەقینە بووەوە لە بابەتی لێدانەکانی سزادا، بەجۆرێک کە تیپەکە لە دوو وەرزی رابردوودا 11 لێدانی سزای لە کۆی 28 لێدان لەدەستداوە. ئەمەش بەهۆی گۆڕینی بەردەوامی جێبەجێکارەکانەوە بوو، کە بووە هۆی لەقبوونی متمانە و ناجێگیری لەم بەشە گرنگەدا.
کیلیان ئێمباپێ، کە بە یەکێک لە جێگیرترین یاریزانەکان لەبەردەم گۆڵدا دادەنرێت، ئێستا دەرفەتی ئەوەی دەبێت کە بەشێوەیەکی بەردەوام ئامارەکانی گۆڵکردنی بەرزبکاتەوە. هەروەها، ئەمە دەکرێت یارمەتیدەر بێت لە یەکلاکردنەوەی هەندێک یاریی قورس کە زۆرجار پێویستیان بە گۆڵ لە رێگەی لێدانی سزا هەیە.
هەروەها بڕیارەکە ئاماژەیەکە بۆ خواستی چابی ئەلۆنسۆ بۆ پێدانی بەرپرسیارێتیی سەرکردایەتیی زیاتر بە ئەستێرە فەرەنسییەکە لەنێو یاریگادا و دامەزراندنی سیستمێکی هێرشبردنی رێکخراوتر و جێگیرتر، کە چانسی تیپەکەی بۆ رکابەریکردن لەسەر هەموو نازناوەکان بەهێزتر دەکات.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەگەری ئەوە هەیە ئەم بڕیارەی چابی ئەلۆنسۆ کاردانەوەی نەرێنیشی هەبێت و لانیکەم ببێتە هۆکاری نیگەرانی بۆ هەندێک ئەستێرەی یانەکە، بەتایبەتی ڤینیسیۆس جۆنیۆر.