کیلیان بۆچی هێشتا سینگڵە!



رووداو دیجیتاڵ

کێلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی ريـال مەدرید، لە چەند ساڵی رابردوودا بووەتە یەکێک لە گەورەترین ناوەکانی نێو جیهانی تۆپی پێی. لەگەڵ گەشەی کاروانی وەرزشییەکەیدا، ژیانی تایبەتی و سۆزداریی ئێمباپێش هەمیشە بووەتە جێی پرسیاری هاندەران و میدیاکان و دەپرسن بۆچی شەمەندەفەری کاروانی سۆزداری کیلیان بە بەراورد لەگەڵ ئاستی یاریزانەکە جێماوە.
 
لە هەڤپەیڤینیکدا، لە 13ـی مانگی 2ـی 2024، ئێمباپێ بەڕوونی باسی لە هۆکاری سینگڵی خۆی کرد و گوتی "من کاتی پێویستم نییە بۆ ژیانی تایبەتی، چونکە زۆربەی کاتەکانم بە یاری و راهێنانەکان بەسەر دەبەم".
 
ئەم لێدوانە ئاماژەیەکی روونە بۆ پابەندبوونی تەواوی کیلیان بە کاروانی وەرزشییەکەیەوە. ئێمباپێ پێشتر لەگەڵ چەند خانمێکدا بینراوە، وەک ئینێس راو و رۆز بێرترام، بەڵام هیچ کامیان بەفەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە وەک پەیوەندییەکی سۆزداری راستەقینە.
 
ئەستێرە فەرەنسییەکە لەو هەڤپەیڤینەدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە سەرنجی لەسەر گەشەکردنی تواناکانیەتی لە یاریگادا، و پێیوایە ژیانی سۆزداری لەم خاڵەدا دەبێتە بەربەستێک لەبەردەم ئامانجە وەرزشییەکانی. ئەمەش پیشانی دەدات کیلیان چەندە جددییە لەسەر کارەکەی.
 
بە گواستنەوەی بۆ ريـال مەدرید، کیلیان دەیەوێت سەرکەوتنی گەورە بەدەستبێنێت. ژینگەی نوێی یانەکە و پەستانی زۆر بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکان، پێویستی بە وردی زیاترە. بۆیە بڕیارەکەی ئێمباپێ بۆ دوورکەوتنەوە لە پەیوەندییە سۆزدارییەکان لەم قۆناخەدا، لە چوارچێوەی ئەو ستراتیژییەتەدایە.
 
هەروەها باس لەوە دەکرێت، ژیانی ناوبانگ و بوون بە کەسایەتییەکی دیار، چەندین ئاڵنگاری بۆ پەیوەندییە سۆزدارییەکان دروست دەکات، بۆیە کیلیان بەم بڕیارە دەیەوێت خۆی لەو ئاڵنگارییانە بەدووربگرێت و سەرنجی لەسەر کارەکەی بێت.