زانیاری نوێ.. مێسی دەچێتە سعودیە یان دەگەڕێتەوە بارسێلۆنا؟
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا دەنگۆی زۆر لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا و ئەگەری چوونی بۆ لای کریستیانۆ رۆناڵدۆ بڵاوکراونەتەوە، بەڵام دوو سەرچاوەی رۆژنامەڤانی هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە.
دوای ئەوەی یانەی ئینتەرمەیامی نەگەیشتە قۆناخی پلەی ئۆفی خولی ئەمریکا، مێسی تاوەکو چوار مانگی دیکە جگە لە یارییەکانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هیچ یارییەکی دیکە ناکات، بۆیەش هەر زوو دەنگۆی گەڕانەوەی یاریزانەکە بۆ بارسێلۆنا بڵاوکرایەوە، لە ماوەی 24 کاژێری رابردووشدا چەند سەرچاوەیەک رایانگەیاند، کە سعودیە دەیەوێت مێسی بەخواستن بباتە یانەی نەسڕ بۆ ئەوەی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یەک تیمدا یاریی بکەن.
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگی تایبەت بە گواستنەوەی یاریزانان دەڵێت "ئەوەی تاوەکو ئێستا هەیە، هیچ زانیارییەک لەسەر مێسی و بارودۆخی چوونی بەخواستن لە ئینتەرمەیامی نییە."
رۆمانۆ زیاتر دەڵێت "مێسی هەموو بیرکردنەوەی لای ئینتەرمەیامیییە، ئێستا ئەو بیر لە هیچ شتێکی دیکە ناکاتەوە، زۆر ئاساییە ناوێکی گەورەی وەک مێسی بهێنرێت و بە یانەکانەوە ببەسترێتەوە، بەدڵنیاییەوە دەکرێت بارودۆخەکان بگۆڕدرێن، بەڵام ئێستا هیچ راستییەک بۆ ئەو دەنگۆیانە نییە کە باس لە گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا یان چوونی بۆ هەر یانەیەکی دیکە دەکەن."
لەلایەکی دیکەوە گالیۆم بالاگی، نووسەری ئیسپانی لەبارەی مێسییەوە دەڵێت "مێسی لەگەڵ ئینتەرمەیامی دەمێنێتەوە، بەشداری لە قۆناخی خۆ ئامادەکردنی یانەکە دەکات بۆ وەرزی نوێ و نە سعودیە و هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە بۆ رۆیشتن لە یانەکەی."
سەرەڕای ئەوەی لەبارەی ناڕاستیی دەنگۆکانی رۆیشتنی مێسی بڵاوکراوەتەوە، بەندەر دەبیخی، رۆژنامەڤانی سعودی دەڵێت "مانگی یەکی ساڵی 2024 مێسی لە یانەی نەسڕ دەبێت."
هەوڵەکانی یانەی نەسڕ بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ مێسی لەکاتێکدایە، لە گواستنەوەی هاوینەدا، یانەی هیلال هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی یاریزانەکە بگوازێتەوە و دەستەوارەیەکی خەیاڵیی پێشکێشی یاریزانەکە کرد، بەڵام یاریزانەکە لەسەر داوای هاوژینەکەی سعودیەی رەتکردەوە و چووە ئەمریکا.
لیۆنێل مێسی ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتینە و خۆی بۆ یاریی بەرامبەر پاراگوای ئامادەدەکات، لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026.