ڤیدیۆگرافیک.. کلاسیکۆ لەنێو ئاستبەرزیی ریال مەدرید و ناجێگیری بارسێلۆنا لە سعودیە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
کلاسیکۆی ئیسپانیا لە نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید، هەردوو رکابەرە مێژووییەکەی تۆپی پێی ئیسپانیا لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی سوپەری ئەو وڵاتەدا لە سعودیە بەڕێوەدەچێت.
جارێکی دیکە هەردوو یانەی شاهانە و کەتەلۆنییەکان دێنەوە بەرامبەر یەکدی، رکابەرییەکی دیکەی سەرنجڕاکێش و دووبارەبوونەوەی مێژوو، بەڵام ئەمجارە لە دەرەوەی خاکی ئیسپانیادا دەبێت.
ریال مەدرید لە باشترین کاتەکانیاندا و بارسێلۆناش لە نەبوونی سەقامگیرییەکی جێگیردا دەچێتە نێو ئەم یارییە هەستیارە و دەیەوێت بەبردنەوەی یارییەکە دووپاتیبکاتەوە، کە ئەگەر برینداریش ببێت دەتوانێت هەستێتەوە و هێشتا توانای رکابەریکردنی ماوە.
یارییەکە بۆچی لە سعودیە دەکرێت؟
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و سعودیە، لە ساڵی 2019 لە هەنگاوێکی نوێدا رێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ ئەوەی تاوەکو ساڵی 2029 یارییەکانی جامی سوپەری ئیسپانیا لە سعودیە بەڕێوەبچن، کە ئەمە یەکەمجار نییە ئەو وڵاتە میوانداری یارییەکانی کیشوەری ئەوروپا دەکات، لەسەر ئاستی وڵاتە جیاوازەکان.
ئامانجی سەرەکی سعودیە لەم هەنگاوە ئەوەیە، دەیەوێت تۆپی پێی ئەوروپا و تۆپی پێی وڵاتەکەی لە یەکدییەوە نزیکبکاتەوە و لە رێگەیەوە و برەوی زیاتر بە یارییەکە بدات.
بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان هەردوولادا کراوە، بۆ هەر ساڵێک تاوەکو کۆتاییهاتنی رێککەوتنی نێوان هەردوولا، سعودیە 30 ملیۆن یۆرۆ دەداتە ئیسپانیا.
بۆ جامی سوپەری ئیسپانیای ئەمساڵ، 4 یانە کە ریال مەدرید، بارسێلۆنا، ئاتلێتیکۆ مەدرید و ئاتلێتیک بیلباون، بەشداریان لە جامەکەدا کردووە.
بەشێوەیەکی گشتی بۆ بەڕێوەچوونی سێ یاری، کە دووانیان لە قۆناخی پێشکۆتایی و ئەوەی دیکەیان یاریی کۆتاییە 12 ملیۆن یۆرۆی تێدەچێت.
پاڵەوانی جامی سوپەر چەند وەردەگرێت؟
ئەوەی نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیای ئەمساڵ لە ریازی پایتەختی سعودیەوە دەباتەوە ئیسپانیا، 3.8 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت، کە ئەمەش بۆ بردنەوەی تەنیا دوو یاری دەکاتە پارەیەکی زۆر و بەشێکی رێککەوتنی نێوان ئیسپانیا و سعودیە و بەهۆی ئەمەوەیە.
خاوەنی پلەی دووەمی جامی سوپەری ئیسپانیا، 2.8 ملیۆن یۆرۆی پێدەدرێت، هەر چوار یانەی بەشداریش تەنیا بەهۆی بەشداریکردنیانەوە 800 هەزار یۆرۆ وەردەگرن، ئەوەشی کە دەمێنێتەوە و بۆ ناوبژیوانان، گەشتی یانەکان و دابینکردنی شوێنی مانەوەی یانەکان دەبێت لەو ماوەیەی کە لە وڵاتەکە دەمێننەوە.
یارییەکە کەی دەکرێت و کێ ناوبژیوانی یارییەکەیە؟
یاریی جامی سوپەری ئیسپانیای نێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید کاژێر 22:00 لەسەر یاریگەی شا فەهد، لە ریازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەدەچێت.
لویس مونوێرا مۆنتێرۆ، ناوبژیوانی یاریی نێوان هەردوو جەمسەرەکەی ئیسپانیا دەبێت.
ناوبژیوانەکە تەمەنی 38 ساڵە، لە 2010 دەستی بە کاری ناوبژیوانی کردووە، لە 2016ـەوە یارییەکانی خولی لالیگای ئیسپانیا بەڕێوەدەبات و لە 2019 بڕوانامەی فیفای بۆ بەڕێوەبردنی یارییە نێودەوڵەتییەکان وەرگرتووە.
مونوێرا 7 یاریی کلاسیکۆی نێوان هەردوو یانەی بەڕێوەبردووە، 5 لەو یارییانە لە بەرژەوەندی ریال مەدرید کۆتاییهاتوون، یارییەک لە بەرژەوەندی بارسێلۆنا و لە یارییەکیشدا هەردوو یانە یەکسانبوون.
لویس لە یارییەکانی کلاسیکۆدا 9 کارتی زەرد و کارتێکی سووری بەرووی یاریزاناندا بەرزکردووەتەوە.
مێژووی کلاسیکۆ
لە کلاسیکۆی نێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید، لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا 280 یاری کراون، بارسێلۆنا 115 یاریی بردووەتەوە و ریال مەدرید لە 103 یارییدا بردنەوەی تۆمارکردووە و 62 یاریی نێوانیشیان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
ئەوەی تایبەتە بە جامی سوپەر، هەردوو یانە 14 جار لەم جامەدا بەرامبەر یەکدی یارییانکردووە، ریال مەدرید لە 8 یارییدا بردنەوەی تۆمارکردووە، بارسێلۆنا 4 یاریی بردووەتەوە و لە 2 یارییشدا هەردوو یانە یەکسانبوون.
بارودۆخی ریال مەدرید بەر لە یارییەکە
ئەگەر ریال مەدرید بتوانێت ئاست و سەقامگیرییەکەی نێو لالیگا، بۆ جامی سوپەریش بگوازێتەوە، ئەوە بێگومان کلاسیکۆ یارییەکی ئاسایی دەبێت بۆ یاریزانەکانی کارلۆ ئەنچیلۆتی، یان کلاسیکۆیەکی تاکلایەنە
دەبێت لە لایەن مەدریدییەکانەوە.
ریال مەدرید کە بەرلە هەمووان گەیشتە ریاز، لە وەرزی یەکەمی دووەم ماوەی کارکردنی کارلۆ ئەنچیلۆتیدا، چاوی لە چنینەوەی نازناوەکانە، ئاستەکەی جێگەی دڵخۆشییە و ئەنگاوتنە لەناکاوەکانی مایەی دڵەڕاوکێیە.
بەهەموو پێوەرێک دەبێ ریال مەدرید باڵادەستی کلاسیکۆکەکەی جامی سوپەر بێت، چونکە یاریزانەکانی ئەو یانەیە، لە وەرزی ئەمساڵدا تاقیکردنەوەی سەخت و تاسەی گەورەیان بەسەرکەوتووی بڕی، بەڵام لە هەندێک وێستگەی ئاسانیشدا، خۆیان بەدەستەوەدا.
بیرکردنەوە لە پێکهاتەی تیپەکە، کە لە بەیڵ و ماریانۆ بێبەشە لە جامەکەدا، دڵنیایی دەداتە هەوادارەکانی بۆ پەڕینەوە بەرەو یاری کۆتایی جامەکە. بەرگری تیپەکە هێزێکی زۆر پێشاندەدات و دواجار خۆری لێتێگەیشتن و هاوئاهەنگی لە نێوان ئالابا و میلیتاودا تیشکەکانی خۆی بەسەر مەدریدا پەخشکرد.
ناوەڕاستی یانەکە، هەر پاسەوانە دێرینەکانی چەندین ساڵ لەمەوپێش و قەڵغانن بۆی، کرووس ، مۆدریچ و لە پشتیانەوە کاسیمیرۆ، پێویستیان بەبەردەوامبوونە لەسەر درەوشانەوە و درێژەدان بە لەسەر ڕێڕەو رۆیشتنی شەمەندەفەرەکەیان بۆ خۆ بینینەوە لە یاری کۆتاییدا لەسەر خاکی سعودیە.
هێڵی پێشەوەی مەدرید، پێکهاتووە لە شکاندنی ژمارە پێوانەییەکانی بێنزیما و درەوشانەوە وروژێنەرەکەی ڤینیسیۆس و جێگۆڕکێکانی نێوان ئەسینسیۆ و رۆدریگۆ. بێنزیما هاوشێوەی شەرابی کۆن، وەکئەوەی کارلۆ ئەنچیلۆتی دەڵێ، لەگەڵ بەرەوسەرچوونی زیاتری تەمەنیدا، ئەو گەنجتر دەبێتەوە و زیاتر دەدرەوشێتەوە.
ڤینیسیۆس کە رووبەڕووبوونەوەیەکی سەرنجڕاکێش لەگەڵ دانی ئەلڤێشی هاووڵاتییدا چاوەڕێی دەکات، پێویستی بەپێشاندانی راستییەکە: بەرگریکاران لە ڤالێنسیا بن یان بارسێلۆنا، بۆمن هەر یەکن و توانای تێکشکاندنیانم هەیە.
کەتواربینی، فشاری زۆر، هێرشبردن و هێرشبردن، هاوسەنگی نێوان هێڵەکان، لەم وەرزەدا ریال مەدریدیان کردووەتە براوەی زۆر یاری، کلاسیکۆش بەهەموو هەستەوەری و مێژوو و رکابەرییەکانی رابردوو و ئێستا و داهاتوویەوە، بۆ ریال مەدرید وێستگەیەکی دیکەی مێژووییە و تێیدا سپیپۆشەکانی پایتەخت، پێویستیان بەبردنەوەی پێنجەم لەسەریەک بەرامبەر بلاوگرانا.
بارسێلۆنا بەر لە کلاسیکۆی ئەمشەو
چیدیکە هاندەران بەرگەی کێشەکان و خراپی ئاستی یانەکەیان ناگرن، ناکرێ بارسێلۆنا لەسەر ریتمی خراپ بەرەو خراپتر هەنگاو بنێت، ئاخر ئێستا لە قۆناخی دروستبوونەوە و هەستانەوەدان، دۆڕانێکی دیکە لە کلاسیکۆ دۆخەکە زیاتر دەشێوێنێت، بۆیە ئاڵای شین و سوور لە کلاسیکۆی سوپەردا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە شەکانەوەیە.
بارسێلۆناکەی چاڤی، دوای ئەوەی لە چامپیۆنزلیگ ماڵئاواییانکرد و بەرەو یۆرۆپالیگ رێیانکرد، هەمووان چاوەڕێی ئەوەبوون کە ئەو نشوستە ببێتە هەوێنی گەڕانەوەی متمانە و دانانی بناخەیەک بۆ بارسای نوێ، بەڵام بارودۆخی یانەکە و ئەنجامەکانی شتێکی باش ناڵێن، لە دوایین 12 یاریدا 5 یەکسانبوون، 6 بردنەوە و دۆڕانێکی هەیە، راستە هاندەران لەم وەرزەدا چاوەڕێی هیچی گەورە لە چاڤی و دارودەستەکەی ناکەن، بەڵام ناجێگیری لە ئاست و ئەنجامەکان دوودڵییەکی زۆری دروستکردووە.
کەشی بارسێلۆنا لەم وەرزەدا لەگەڵ چاڤیدا هاوکار نییە، ئاخر ئەوان کە نیوە زیاتری پێکهاتەکەیان یاریزانی لاو و کەم ئەزموونن، بەڵام پێکان و کۆرۆناش تەنگی پێهەڵچنیون، هەفتەی رابردوو لەیەک کاتدا 16 یاریزان بەو دوو هۆکارەوە ئامادەی یاریکردن نەبوون.
هەرچۆنێک بێت بارسێلۆنا پێنج کلاسیکۆیە لە ریال مەدریدی نەبردووەتەوە، بەڵام زەلیل دەرکەوتن و نەبوونی کاردانەوە و نەمانی خۆڕاگرنی جێگەی قبووڵکردن نییە، ناکرێ ریال مەدریدێک کە بەبێ گرێبەستکردن هەمان دۆخی بارسێلۆنای بەسەرداهات و لە ماوەیەکی دیاریکراودا گەڕایەوە، بە ئاسانی لە بارسێلۆنا بباتەوە و سەرکەوتنەکانیش ببەنە کارێکی ئاسایی بەلای کەتیبەکەی مێرەنگییەوە.
ئێستا لە رووی پێکانەوە بارسێلۆنا باشترە، ئەوەی کە یاری ناکات و ئامادە نییە، ئێریک گارسیا و سێرجی رۆبێرتۆیە، خۆ هێشتا برایتوایت و ئانسۆ فاتیش ئامادەی یاریکردن نین، فێران تۆرێس و پێدریش چاکبوونەتەوە بەڵام هەرچۆنێك بێت توانای ئەوەیان نییە بەرامبەر ریال مەدرید بەشێوەی سەرەکی یاری بکەن.
ئێستا بەرچاوی چاڤی روونە، دەزانێت کێشەکانی چین، هاندەرانیش پێش ئەو دەزانن خەلەلی بارسا لە کوێدایە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێ بۆ داهاتووی بارسا شتەکان بەرەو ئەرێنی بڕۆن، یاریزانانی بارسا لە رووی ناوەوە ئەوەندەی ئەنجامەکانیان خراپ نین، بەڵام پێویستیان بە متمانە و باوەڕبەخۆبوون هەیە، ئاساییە ئەگەر سوپرایز بکەن و ریال لە سوپەری ئیسپانیا دووربخەنەوە.
هەردوو راهێنەر
چاڤی هێرناندێز یەکەمجارە وەک راهێنەر لە کلاسیکۆدا دەردەکەوێت، راهێنەرەکە 11 یاری سەرپەرشتی مەشقەکانی بارسێلۆنای کردووە، 5 بردنەوە، 4 یەکسانبوون و 2 دۆڕانی هەیە، رێژەی بردنەوەکانی 45.5٪.
هەرچی کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید خاوەنی مێژوویەکی گەورە و ئەزموونێکی زۆرە، لە قۆناخی دووەمی کارکردنیدا وەک راهێنەری ریال مەدرید 28 یاریی ئەنجامداوە، 21 بردنەوە، 4 یەکسانبوون و 3 دۆڕانی هەیە، رێژەی بردنەوەکانی 75٪ـە.
پێکهاتەی پێشبینیکراوی هەردوو یانە
دێسکی وەرزشیی رووداو پێکهاتەی پێشبینیکراوی هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنای ئامادەکردووە، بەر لە یارییەکەی ئەمشەوی نێوانیان.
ئەوەی لە پێکهاتەی ئەنچێلۆتیدا هەیە، چاوەڕوانناکرێت هیچ گۆڕانکارییەک رووبدات، بەو پێیە ئاستی تیپەکەی جێگیرە و یاریزانەکانیشی بەردەستن، بەڵام چاڤی هێرناندێز دەیەوێت باشترین یاریزانەکانی بۆ ئەم یارییە هەلبژێرێت، بەتایبەت کە بەشێکیان لە پێکان و بەشێکیشیان لە کۆرۆنا گەڕاونەتەوە.