ئەلۆنسۆ دوای کلاسیکۆ بەڕووی سێ لە یاریزانەکانیدا تەقیوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید دوای یاریی کلاسیکۆ، لە ژووری جلگۆڕیندا بەڕووی سێ لە یاریزانەکانیدا تەقیوەتەوە و بەهۆکاری دۆڕانەکەی تۆمەتبارکردوو، تەنانەت سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی شاهانە باس لەوە دەکەن کە چابی هەڕەشەی دوورخستنەوە لە پێکهاتەی سەرەکی لێکردوون.
لە یارییەکی پڕ لە جۆش و خرۆشدا، بارسێلۆنا بەئەنجامی 3-2 یاریی کلاسیکۆی لە ریال مەدرید بردەوە و جانی سوپەری ئیسپانیای بەرزکردوە.
سەرچاوەکانی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید، ئاشکرایانکردووە کە سەرەڕای ئەوەی ریال مەدرید یارییەکی باشی ئەنجامدا و ئاستێکی بەرزی پیشکێشکرد، بەڵام چابی ئەلۆنسۆی راهێنەر بەهۆی دۆڕانی یارییەکە زۆر بەتووڕەیی گەڕاوەتەوە نێو یاریزانەکانی و بەڕووی سیانیاندا تەقیوەتەوە و پێیگوتوون "ئێوە هۆکاری دۆڕانەکەن".
بەپێی ئەوەی هەواڵێکی رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕاڵی ئیسپانی شکستەکە لەناو ریال مەدرید بەئاسانی تێنەپەڕیوە، بەجۆرێک چابی ئەلۆنسۆی راهێنەر دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە لە تووڕەییدا تەقیوەتەوە و لەبەردەم هەموو یاریزانەکانیدا رەخنەی تووندی لە سێ یاریزانی تیپەکە گرتووە، کە بریتین لە هەریەک لە ئێدواردۆ کاماڤینگا، ئۆریلیان چوامینی و راول ئەسینسیۆ.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەلۆنسۆ ئەم سێ یاریزانەی بە بەرپرسیاری شکستەکە زانیوە، ئەوەش بەهۆی هەڵەی بەرگری و خراپیی راوەستانیان لە شوێنی گونجاو لەنێو یاریگەدا.
تەنانەت ئەو سەرچاوەیە دەڵێت "راهێنەر بەئاشکرا سەرزەنشتی ئەو یاریزانانەی کردووە و پێیگوتوون ئێوە خراپ بوون، ئێوە واتانکرد یارییەکە بدۆڕێین".
هەروەها دیفێنسا سێنتڕاڵ نووسیویەتی "ئەلۆنسۆ بەجددی پلانی هەیە بۆ دوورخستنەوەیان لە پێکهاتەی سەرەکی لە ماوەی داهاتوودا، وەک پەیامێکی روون کە ئاستی یاریزانان لە یارییە گەورەکاندا بێ لێپێچینەوە تێناپەڕێت".