کریستیانۆ دەیەوێت وەڵامی رەخنەکان بەبردنەوە بداتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یاریی لووتکەی خولی سعودیە لەنێوان هەردوو یانەی هیلال و نەسڕ بەڕێوەدەچێت و هەمووان چاوەڕێی یارییەکی بەهێزی هەردوو تیپ دەکەن بۆ رکابەریکردن لەسەر سێ خاڵی یارییەکە.
لە گەڕی 13ـی خولەکەدا، هیلال لە یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی نەسڕ یاریی دەکات، هیلال لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە، 35 خاڵی هەیە و هیچ یارییەکی لەم وەرزەدا نەدۆڕاندووە، خاوەنی 11 بردنەوە و 2 یەکسانبوونە و دەیەوێت بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو جیاوازییەکەی لەگەڵ نەسڕ بۆ حەوت خاڵ بەرزبکاتەوە و شوێنی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بەهێزتر بکات.
نەسڕ لە سێ یاریی رابردوودا هیچ بردنەوەیەکی نەبردووە، دوو یاریی رابردووی بەرامبەر ئەهلی و قادسیە دۆڕاندووە، تیپەکە لە دۆخێکی باشدا نییە و بەهۆی ئەو ئەنجامانەی بەدەستیهێناون لەلایەن هاندەرانەوە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و بەشێکی هاندەران و شرۆڤەکارانی سعودیەش رەخنە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەگرن و دەڵێن چەند ساڵێکە لێرەیە هیچی بۆ یانەکە نەکردووە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەرامبەر یانەی هیلال بەشێوەیەکی گشتی 8 یارییکردووە، 3 گۆڵ و ئاسیستێکی هەبووە و دەیەوێت ئەمشەو لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان بەبردنەوەی یارییەکە بگەڕێنەوە نێو رکابەرییەکە و وەڵامی رەخنەکان بداتەوە.