پێرێز بڕیاری کۆتایی لە چارەنووسی ئەلۆنسۆ دا
رووداو دیجیتاڵ
کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید بەسەرۆکایەتی فلۆرێنتینۆ پێرێز، بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی لەبارەی چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری تیپەکەوە دا و جارێکی دیکە متمانەی بە راهێنەرەکەی بەخشییەوە.
سەرەڕای شکستهێنان لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر بارسێلۆنای رکابەری دێرینی بەئەنجامی 3-2، سەرۆکی ریال مەدرید بڕیاری دا و ئەلۆنسۆ بەردەوام بێت لە سەرکردایەتیکردنی ریال مەدرید.
بەگوێرەی ئەوەی ئەمڕۆ دووشەممە لە راپۆرتێکی رۆژنامەی ئەی ئێس هاتووە، جامی سوپەری ئیسپانیا و ئەو ئاستەی ریال مەدرید تێیدا پێشکەشی کرد، هەلێکی دیکەیان بە چابی ئەلۆنسۆ بەخشی و لە کارەکەی دوورناخرێتەوە، هەرچەندە لەنێو یانە شاهانەکەدا شکستەکان هەرگیز پێگەی کەس بەهێز ناکەن، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی چۆنیەتی دۆڕانەکە لە جەدە بەرامبەر بارسێلۆنا، وایکرد ئەلۆنسۆ لە ئەرکەکەی بەردەوام بێت.
هەروەها لە راپۆرتەکە واباسکراوە هیچ هۆشدارییەکی کۆتایی لە ئارادا نەبوو، وەک چۆن لە هەفتەکانی رابردووشدا جەختی لێکرابووەوە، ئەم هەستەی کە ریال مەدرید لە یاریی کۆتایی یەکەم نازناوی وەرزەکەدا نیشانی دا، دەرگای بۆ باشتربوونی ئاستی تیپەکە کردەوە و رێگریی کرد لەوەی پەنجەی تۆمەت راستەوخۆ بۆ راهێنەرەکە رووبەڕوو بکرێتەوە.
لە درێژەی راپۆرتەکەدا باسی ئەوەی کرد کە بەرامبەر تیپە کەتەلۆنییەکە، راهێنەر گۆڕانکاریی لە شێوازەکانی پێشووی یارییکردندا کرد کە باشتربوونێکی روونیان پێوە دیاربوو، جارێکی دیکە یاریزانەکان ئەوەیان سەلماند کە نایانەوێت دەستبەرداری راهێنەرەکەیان بن، هەموو توانایەکی خۆیان خستەگەڕ بەپێی بارودۆخی جەستەیی ئێستایان و ئەو کوالێتییە تەکتیکییەی لەم کاتەدا هەیانە، ئەمەش بە روونی لە ڤینیسیۆس جۆنیۆردا رەنگی دایەوە، بەردەوام مەترسیی هەبوو لەسەر بەرگریکارانی بارسێلۆنا تاوەکو ئەوکاتەی جەستەی هێزی تێدا نەما و داوای گۆڕانکاریی کرد.
رۆژنامەکە جەختی لەوە کردەوە، وەک هەموو راهێنەرانی ریال مەدرید، داوا لە چابی ئەلۆنسۆ دەکرێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، چونکە دۆڕان، بەتایبەتی کاتێک بارسێلۆنا لایەنی براوە بێت، بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە.
لەگەڵ ئەوەشدا، بیرۆکەکان سەبارەت بە چابی ئەلۆنسۆ گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لە پێنج یاریی رابردوودا ئەم بیرکردنەوەیە هاوشانی سەرکەوتنەکان بوو، ئێستاش کاتی شیکردنەوەی ئەوەیە کە روویدا، گەڕان بەدوای رێگاکانی باشترکردنی گونجاو لە کاتێکدا ئەلۆنسۆ لەسەر کورسیی راهێنەرایەتی بەردەوامە.
بەبێ هیچ مشتومڕێک کارە هەرە لە پێشینەکە ئەلۆنسۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی جەستەیی و کۆتاییهێنان بەو زنجیرە پێکانانە دەبێت کە ریزەکانی یانە مەدریدییەکەی پەکخستووە، چونکە خەریکە هیچ یارییەک تێناپەڕێت بەبێ ئەوەی یاریزانێک تووشی پێکان نەبێت، لە یاریی پێش کۆتاییدا فێرلاند مێندی تووشی پێکان بوو، لە یاریی کۆتاییشدا دین هاوسن یەکێک بوو لەو یاریزانانەی کە زۆرترین کێشەی ماسوولکەیی بۆ دروست بوو.
ریال مەدرید خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەنجامدانی یاریی داهاتووی بەرامبەر ئەلباسێتی، رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، لە چوارچێوەی رکابەرییەکانی قۆناخی شانزەی جامی شای ئیسپانیادا.