ڤیدیۆ؛ ئەو یانەیەی هەمووان پێی سەرسامن و مێژوو دەنووسێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی یونیەن بەرلین لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و ریکۆردێکی مێژوویی لە خولی ئەڵمانیادا تۆمارکرد.
 
یونیەن بەرلین لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی لایپزیگ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باشتر یارییکرد و بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە.
 
لە خولەکی 24 بێنیامین هێنریش، گۆڵێکی سەرنجڕاکێشی تۆمارکرد و یانەی لایپزیگی پێشخست، نیوەی یەکەم بەو گۆڵە لە بەرژەوەندی خاوەن یاریگە کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا یونیەن بەرلین باشتر یارییکرد، یانیک هابێرێر بە جوانترین شێوە ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، دوای ئەوەی گۆڵێکی سەرنجڕاکێشی تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 72 رۆبن کنۆخ بەلێدانی سزا گۆڵی دووەمی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد، یونیەن بەرلین یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
 
بەبردنەوەی ئەم یارییە، یونیەن بەرلین مێژوویەکی گەورەی تۆمارکرد و یەکەمجارە لە بوندێسلیگادا، 5 یاریی لەسەریەک بباتەوە، بەمەش ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 42 خاڵ و تەنیا خاڵێک لە بایرن میونشنی یەکەمەوە دوورە.
 
یونیەن بەرلین لەم وەرزەدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە، یانەکە لە 20 یارییدا 13 یاریی بردووەتەوە، لە 3 یارییدا یەکسانبووە و تەنیا 4 جار دۆڕاوە، تیپەکە 35 گۆڵی تۆمارکردووە و 24 گۆڵی لێکراوە.