خلێفی: هەرکەسێک پێیوابێت پێرێز دۆڕا، هیچ لە تۆپی پێ نازانێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان و دەستەی یانەکانی ئەورووپا لەبارەی رێککەوتنی یانەی ریال مەدرید وەکو خاوەنی پڕۆژەی سوپەرلیگ و یۆفا قسەدەکات و دەڵێت "هەمووان براوەن."
 
دوای ئەوەی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و خاوەنی بیرۆکەی پڕۆژەی سوپەرلیگ، لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا گەیشتە رێککەوتن، پڕۆژەکەی کۆتاییهات و ریال مەدریدیش هاوشێوەی یانەکانی دیکە دەگەڕێتەوە ژێر چەتری یۆفا.
 
ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی کە لە هەمان کاتدا سەرۆکی دەستەی یانەکانی ئەورووپایە و لە ماوەی رابردوودا زۆر دژایەتیی پڕۆژەی سوپەرلیگی کردووە دەڵێت "شانازی دەکەم و دڵخۆشم بەو رێککەوتنە مێژووییە، سوپاسی هەموو لایەنە پەیوەندیدار و بەشدارەکانی رێککەوتنەکە دەکەم، سەرۆکی یۆفا رۆژ بە رۆژ کاردەکات بۆ ئەوەی تۆپی پێی ئەورووپا بباتە پێشەوە، ئەو کەسێکی زیرەک و خاکەڕایە."
 
خلێفی زیاتر قسەیکردووە و دەڵێت "گرنگترین شت ئەوەیە ئەمڕۆ هەمووان براوەن، تۆپی پێ بردییەوە، ریال مەدرید بردییەوە، یۆفا بردییەوە، دەستەی یانەکانی ئەورووپا بردییەوە و لە هەموو گرنگتریش ئەوەیە هاندەران براوەن." جەنگ ناتگەیێنێتە، هیچ شوێنێک، ئێستا کەس دۆڕاو نییە."
 
سەرۆکی دەستەی یانەکانی ئەورووپا لەبارەی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدەوە دەڵێت "فلۆرێنتینۆ پێرێز پیاوێکی شیک و ژیرە، تێڕوانینەکانی هەمیشە بۆ بەرەوپێشچوونن، هەرکەسێک پێیوابێت پێرێز "دۆڕا" بەتەواوی هەڵەیە، فلۆرێنتینۆ نە دۆڕاوە، هەرکەسێک ئەوە بڵێت "هیچ لە تۆپی پێ نازانێت."
 
پڕۆژەی سوپەرلیگ، پڕۆژەیەلی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدە و لە ساڵی 2021 راگەیێنراوە، پێشتر سەرۆکی پڕۆژەکە رایگەیاندبوو، ئامانج لەو پڕۆژەیە ئەوەیە یانەکان لەرووی ئابوورییەوە گەشانەوەیەکی زۆر زیاتر بەخۆیانەوە ببینن و تۆپی پێی ئەورووپا بچێتە قۆناخێکی پێشکەوتووترەوە.