وەڵامی گواردیۆلا بۆ ئەوەی مانچێستەر سیتی دەتوانێت ریمۆنتادا بکات؟

 
رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی نیگەرانیی خۆی بەرامبەر دۆڕانەکەیان بەرامبەر ریال مەرید پێشاندا و لەبارەی ریمۆنتاداوە وەڵامی رۆژنامەڤانان دەداتەوە.
 
دوای دۆڕانیان لە یاریی چوونی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر ریال مەدرید بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر، پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی گوتی "ئەنجامێکی سەخت بوو، ناتوانین نکۆڵی لەوە بکەین، هەستم دەکرد کە هەندێکجار گواستنەوی تۆپ بۆ ئێمە زەحمەت بوو، ئەوان تۆپەکەیان لەدەست نەدەدا، پەیوەندییان لەگەڵ هێڵی پێشەوە باشبوو و ڤینیسیۆس جونیۆریان هەیە، یاریزانەکانی دیکەشیان توانای راکردنیان هەبوو، بەڵام هەستم دەکرد وەکو ئاست تاوەکو رادەیەک باشبووین، یارییەکی باشمان کرد."
 
پێپ زیاتر دەڵێت "چەندینجار گەیشتینە هێڵی کۆتایی یاریگە، بەتایبەت لە رێگەی جووڵەکانی جێرمی دۆکووە، لە رێگەی تۆپە بەرزەکانەوە، بەتایبەت بۆ ئەنتوان و نیکۆ ئۆرایلی، بەڵام ئەو پاسانە لەنێو ناوچەی سزابوو و یاریزانەکانمان نەیانتوانی گۆڵ بکەن، بەهۆی گەڕاندنەوە نایابەکانی کۆرتواوە، بۆیە پێموایە ئەو هەلانەمان لەدەستدا، بەتایبەت لە 15 خولەکی سەرەتای یارییەکەدا."
 
گواردیۆلا گوتی "بەرگرییەکی باشمان نەکرد، ئەو کوالێتییەی ئەوان لەگەڵ ڤاڵڤێردی و یاریزانەکانی دیکە هەیە، ئەرکی ئێمەیان قورس کرد، ئەنجامێکی قورس بوو، بەڵام شەش رۆژمان لەبەردەمە، دەبێت پشوو بدەین و چاک ببینەوە، دەچین بۆ لەندەن بۆ یاریی بەرامبەر وێستهام، دوای ئەوە لەگەڵ هاندەرانمان هەوڵی خۆمان دەدەین."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا ئایا هیچ هەلێک هەیە بۆ ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەدا ریمۆنتادا بکەن؟ گواردیۆلا گوتی "زۆر نا، من کەسێک نیم تەنیا بڵێم دەیکەین، بەڵام بێگومان هەوڵی خۆمان دەدەین، ئێستا ئەگەرچی هەموو شتێک قورستریش بێت بۆ گۆڕینی بیرکردنەوەمان، بەڵام لەوێ دەبین و لەگەڵ هاندەرانمان هەموو هەوڵێک دەدەین، لە کۆتاییدا لەسەر ئەوە رێککەوتین کە دەتوانین لە سێیەکی کۆتایی یاریگەدا باشتربین و هەوڵی خۆمان دەدەین."
 
مانچێستەر سیتی یاریی چوونی بە ئەنجامێکی گەورە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دۆڕاند، رۆژی 17ـی ئەم مانگە یاریی گەڕانەوە لە یاریگەی خۆی ئەنجامدەدات، پێویستە یارییەکە بە جیاوازیی چوار گۆڵ بباتەوە، بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی داهاتوو، بەڵام ئەرکی زۆر قورسە.