کوردێک ئەستیرەی یەکەمی یۆرۆپالیگە و ئەمشەو یارییەکی گرنگی هەیە


رووداو دیجیتاڵ

لە دەستپێکی یارییەکانی قۆناخی شازدەی یۆرۆپالیگدا، یانەی شتوتگارتی ئەڵمانی بەرامبەر پۆرتۆی پۆرتوگالی یاریی دەکات و دێنیز ئونداڤ، دەیەوێت سەرکردایەتیی ئەنجامە باشەکانی یانەکەی بکات.
 
لە یەکەم یاریی چوونی قۆناخی شازدەی یۆرۆپالیگدا، ئەمشەو کاژێر 20:45 شتوتگارت لە یاریگەی خۆی بەرامبەر پۆرتۆ یاریی دەکات و یاریی دەکات و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی درێژە بەبردنەوەکانی و سەرکەوتنەکانی بدات.
 
دێنیز ئونداڤ، ئەستێرەی کورد، ئەستێرەی یەکەمی ئەم وەرزەی شتوتگارتە، یاریزانەکە لە ئاستێکی بەرزدایە، یاریزانەکە بەشێوەیەکی گشتی لەم وەرزەدا لە 34 یارییدا 19 گۆڵی تۆمارکردووە و 12 گۆڵی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە.
 
لەسەر ئاستی یۆرۆپالیگ، ئونداڤی کوردان لە 8 یارییدا بەشدارییکردووە، خاوەنی دوو گۆڵ و 6 ئەسیستە، تاکە یاریزانە لەم وەرزەی پاڵەوانێتییەکەدا 6 گۆڵی دروستکردبێت و نزیکترین یاریزان لێیەوە خاوەنی 4 ئەسیستە.
 
شتوتگارت لە کاتێکدا ئەم یارییە ئەنجامدەدات لە دوایین یاریی بوندێسلیگادا بەرامبەر ماینز یەکسانبووە، لەو یارییەشدا ئونداڤ گۆڵێکی تۆمارکرد و ئەسیستێکی کرد، بۆ یارییەکەی ئەمشەویش ئەستێرە کوردستانییەکە دەیەوێت هاوکاریی تیپەکەی بکات بۆ بردنەوەی یاریی چوونی قۆناخی شازدەی یۆرۆپالیگ.