هەلی گەڕانەوە بۆ لووتکە؛ مانچێستەر سیتی دەبێتە میوانی چێڵسی

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئارسیناڵ هەلێکی گەورەی دایە مانچێستەر سیتی بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە نێو رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگ، دوای ئەوەی یانەکە لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا دۆڕا.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 32ـی خولەکەدا، ئارسیناڵ لەنێو یاریگەی خۆی بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ دۆڕا، بەمەش هەلێکی گەورەی بەخشییە مانچێستەر سیتی بۆ ئەوەی هیواکانی بۆ بردنەوەی پرێمەرلیگ زیندوو ببنەوە.
 
ئەمڕۆ ئێوارە، کاژێر 18:30 یانەی مانچێستەر سیتی لە یاریی لووتکەی ئەم گەڕەدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر چێڵسی یاریی و بەبردنەوەی یارییەکە هیواکانی بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوەکە زیندوو دەکاتەوە.
 
مانچێستەر سیتی دوای بردنەوەی کاراباو کەپ و گەیشتنی بە قۆناخی پێشکۆتایی ئێف ئەی کەپ، دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و بەبردنەوەی ئەم یارییە گوشارەکانی سەر ئارسیناڵ زیاتر بکات، بەتایبەت کە یانەکە دوو یاریی کەمتر لە رکابەرە سەرەکییەکەی ئەنجامداوە و یارییەکیشی لەگەڵ ئارسیناڵ ماوە.
 
مانچێستەر سیتی ئێستا 9 خاڵ لە گانەرزەوە دوورە، بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆ جیاوازییەکە دەبێتە 6 خاڵ، یاریی داهاتوویان بەرامبەر ئارسیناڵە و ئەگەر ئەو یارییەش بباتەوە جیاوازییەکە تەنیا سێ خاڵ دەمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا یارییەکی کەمتری دەمێنێت. بەڵام هەموو چاوەکان لەسەر گەڕی داهاتوو دەبن کاتێک مانچێستەر سیتی و ئارسیناڵ رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
لەلایەن خۆیەوە یانەی چێڵسی لە پلەی شەشەمی ریزبەندی پرێمەرلیگە، یانەکە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە هیواکانی بکات بۆ گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو پێویستە یارییەکانی بباتەوە، بەتایبەتیش ئەمڕۆ کە لە یاریگەی خۆیدا یاریی دەکات، چونکە دۆڕان لە یارییەکەدا دەبێتە هۆکاری ئەوەی تیپەکە بە جیاوازیی چوار خاڵ بکەوێتە دوای لیڤەرپوولی پێنجەمەوە.
 
مانچێستەر سیتی لە کاتێکدا دەبێتە میوانی ستامفۆرد بریچ، لە دوایین 12 یاریی نێوانیاندا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا هیچ یارییەکی بەرامبەر چێڵسی نە دۆڕاندووە، دوایین دۆڕانی بەرامبەر ئەو یانەیە لە ساڵی 2021 کاتێک لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕا.