فلیک بۆ یاریی ئاتلێتیکۆ مەدرید گەشبینە و بۆ لالیگا هۆشداری دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دڵخۆشیی خۆی بەبردنەوەیان لە ئیسپانیۆل پێشاندا و دەڵێت "بە ئەرێنی بیر لە یاریی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکەینەوە و هەموومان ئامادەین."
 
راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دوای بردنەوەیان لە ئیسپانیۆل و زیادکردنی جیاوازییەکەیان لەگەڵ یانەی ریال مەدریدی دووەم گوتی "گرنگ ئەوەبوو سێ خاڵی یارییەکەمان بردەوە، ئێمە لە سەرەتای یارییەکەوە لە نیوەی یەکەمدا کۆنتڕۆڵی یاریگەمان کردبوو، لە نیوەی دووەمدا ئەوەمان هەندێک کەمتر بووەوە، بەڵام گۆڵمان تۆمارکرد. دوای ئەوە پێویستیمان بە کارکردنێکی ماندووکەرانە هەبوو و پێموایە گۆڕانکارییەکان بە هاتنە ناوەوەی فرێنکی زۆرباشبوون و دوای ئەوە کۆنتڕۆڵمان کرد. بەڵام ئەوەی زۆر دڵخۆشم دەکات گەڕانەوەی فێرانە بۆ گۆڵکردن."
 
هانزی فلیک باس لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات و دەڵێت "ئێمە پێویستیمان بە پەرجوو نییە، بەڵام پێویستە یارییەکی نایاب بکەین، سەرەڕای ئەوەی یارییەکەمان بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕاندووە، بەڵام هەموو شتێک دەکرێت رووبدات، ئەگەر بە هەمان رۆحیەت و توانای ئێستاوە یاریی بکەین."
 
راهێنەری بلاوگرانا زیاتر گوتی "ئێمە بە ئەرێنی بیر لەو یارییە دەکەین، هەمووان بۆ ئەوە ئامادەن."
 
لەبارەی ئەگەری یارییکردنی فرێنکی دی یۆنگ لە یارییەکەدا بەشێوەی سەرەکی، هانزی گوتی "نازانم دی یۆنگ لە یارییەکەدا بەشێوەی سەرەکی یاریی دەکات یان نا. 45 خولەک یان 60 خولەک یاریی دەکات، بۆ ئەوە پێویستە پرسیار لە دەستەی پزیشکی یانەکە بکەین."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هانزی فلیک گوتی "پێویستیمان بە پاڵپشتیی هاندەران هەیە و لەگەڵ 2000 هاندەرمان دەچینە مەدرید و هیوادارین بە دڵخۆشییە بگەڕێنەوە."
 
سەرەڕای ئەوەی جیاوازییەکەیان بووەتە 9 خاڵ لەگەڵ ریال مەدرید، هانزی فلیک رەتیدەکاتەوە هیچ شتێک یەکلابووبێتەوە و بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئەوەی بەو شێوەیە بیر بکاتەوە کە لالیگا کۆتایی هاتووە، بەتەواوی هەڵەیە."