گورزێکی کوشندە بەر بارسێلۆنا کەوت

رووداو دیجیتاڵ

 

سەرەڕای چوار گۆڵەکەی لە دێربییدا، گورزێکی کوشندە بەر بارسێلۆنا کەوت پێش یارییە چارەنووسسازەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لە چامپیۆنزلیگدا!.
 
هەرچەندە بارسێلۆنا لە دێربیی کەتەلۆنیادا سەرکەوتنێکی گەورەی بەئەنجامی 4-0 بەدەستهێنا، بەڵام تیپەکە بێزیان لە یارییەکە نەچووە دەرەوە، دوای ئەوەی جێرارد مارتنی بەرگریکار تووشی پێکانبوو، و نیگەرانی لای دەستەی تەکنیکی بەسەرکردایەتی هانزی فلیک دروست کرد.
 
سەرەتای تەنگژەکە لە خولەکی 36 دەستیپێکرد، کاتێک مارتن بێئەوەی بەریەککەوتنی هەبێت کەوتە سەر زەوی، بەهۆی ئازار لە بەشی پشتەوەی ماسوولکەی قاچی راستیدا، ئەمەش وایکرد تیمی پزیشکی دەستبەجێ بچنە نێو یاریگا.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، دۆخێکی نیگەرانی باڵی بەسەر یاریزانانی یەدەگی بارسادا کێشا، بە جۆرێک یاریزانەکان داوای گۆڕینی دەستبەجێی مارتنیان کرد دوای ئەوەی هەستیان بە توندی ئازارەکەی کرد.
 
سەرەڕای پێکانەکە، بەرگریکارە ئیسپانییەکە هەوڵیدا دوای وەرگرتنی چارەسەر گێمی یەکەم تەواو بکات، پاشان بە زەحمەت بەرەو ژووری گۆڕینی جلوبەرگ بەڕێکەوت لەژێر چاودێری وردی تیمی پزیشکیدا.
 
لە سەرەتای گێمی دووەمدا، فلیک بڕیاریدا بیگۆڕێت و مارک کاسادۆ بخاتە جێگەکەی، لەکاتێکدا دواتر یاریزانەکە لەسەر کورسیی یەدەگ بینرا کە سەهۆڵی بۆ پێکانەکەی بەکاردەهێنا، ئەمەش نیشانەی بەردەوامی ئازارەکەی بوو.
 
ئەم پێکانە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا هات، بەتایبەتی کە پاو کوبارسی پێشتر بەهۆی سزادانەوە 'کارتی سوور' لە یاریی داهاتوو بێبەش کراوە، ئەمەش بارسێلۆنا دەخاتە بەردەم قەیرانێکی بەرگری ئەگەری، پێش رووبەڕووبوونەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
 
پێشبینی دەکرێت فلیک ناچار بێت هێڵی بەرگری بەتەواوی رێکبخاتەوە ئەگەر دابڕانی مارتن پشتڕاست بکرێتەوە، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی ئەو گوشارە زۆرە و گرنگییە گەورەیەی یارییەکە لە کاروانی ئەورووپی یانەکەدا هەیەتی.