یونیەن بەرلین بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەورووپادا، ئافرەتێک دەکاتە راهێنەری تیپی یەکەم
رووداو دیجیتاڵ
یانەی یونیەن بەرلینی ئەڵمانی، ناوی خۆی لە مێژووی تۆپی پێی ئەورووپادا نوسییەوە، پاشئەوەی بووە یەکەم یانەی پێنج خولە گەورەکەی ئەورووپا، ئافرەتێک وەک راهێنەری تیپی یەکەم دەستنیشان بکات.
یانەکە هەنگاوەکەی بەئاراستەیەکی دیاریکراو ناوە، "هێشتنەوەی تیپەکە لە خولی بۆندێسلیگا و رزگارکردنی لە دابەزین".
بڕیارە مێژووییەکەی یانەکە، پاش دوورخستنەوەی ستیڤن باومگارتی راهێنەری یانەکە هات، پاش شکست بەرامبەر هایدێنهایمی ژێرکەوتووی ریزبەندی بۆندێسلیگا.
کارگێڕیی یانە ئەڵمانییەکە، لەدوای دوورخستنەوەی راهێنەرەکەی، هەرزوو دەستنیشانکردنی ماری لویز ئیتای 34 ساڵانی بە راهێنەری نوێی تیپی پیاوانی یانەکە راگەیاند، ئەگەرچی بڕیاربوو ئەو خانمە هاوینی داهاتوو مەشقدانی تیپی ئافرەتانی یانەکە وەربگرێت.
یونیەن بەرلین، ئەگەرچی لە پلەی یانزەی ریزبەندی بۆندێسلیگایە و 11 خاڵ لە ناوچەی دابەزینەوە دوورە، بەڵام هێشتا مانەوەی لە خولەکە دەستەبەر نەکردووە.
ئیتا، لە یەکەم لێدواندا دەڵێ، "بەلەبەرچاوگرتنی جیاوازیی خاڵەکان لە نیوەی دووەمی ریزبەندی خولەکە، تاوەکو ئێستا مانەوەمان مسۆگەرنەکردووە. بەڵام من دڵخۆشم بەوەی یانەکە متمانەی پێم هەبوو لە ئەرکێکی بەوشێوەیە قورس، پێکەوە بەرۆحیەتی یەک تیم بۆ بەدەستهێنانی خاڵە پێویستەکان، کاردەکەین".
ئیتا، پێشتر راهێنەرایەتی هەڵبژاردە جیاوازەکانی ئەڵمانیای بۆ خوار تەمەنەکانی 15، 17 و 19 ساڵان کردووە.
ئیتا یەکەم ئافرەتە لە پێنج خولە گەورەکەی ئەورووپا، (ئەڵمانیا، ئیسپانیا، ئینگلتەرا، ئیتاڵیا و فەرەنسا) مەشقدانی یانەیەک وەردەگرێت.
پێشتر، کۆرین دیاکر ئەو ئافرەتە بوو کە مەشقدانی یانەی کلێرمۆن فۆتی پلە دووی فەرەنسای لە 2014 وەرگرت.
هەروەها کارۆلینا مۆراس، لە ئیتاڵیا یەکەم ئافرەت بوو ئەو کارە بکات، کاتێک مەشقدانی تیپی ڤیترپیسی پلە سێی ئیتاڵیای وەرگرت.
ماری لوپێز یەکەم ئافرەتە لەسەر ئاستی هەرە باڵای یانەکانی جیهان و لە تیپی یەکەمی یەکێک لە خولە بەهێزەکانی ئەورووپا، ئەرکی رزگارکردنی یانەیەک وەردەگرێت.