ناوبژیوانی کلاسیکۆ تووشی کێشەیەکی گەورە دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی گەڕانەوە بۆ ڤار بۆ رەتکردنەوەی گۆڵی پێنجەمی بارسێلۆنا، وشەیەک لە دەمی هێرناندێز هێرناندێزی ناوبژیوان دەردەچێت، کە لەوانەیە کارەساتێکی لێبکەوێتەوە و ناوبژیوانی ئیلکلاسیکۆ بخاتە دۆخێکی سەخت و مەترسیدارەوە.
ئیلکلاسیکۆی رۆژی یەکشەممەی نێوان بارسیلۆنا و ریال مەدرید لە خولی ئیسپانیا، مشتومڕێکی بەرفراوانی ناوبژیوانانی بەخۆیەوە بینی، کە بارسێلۆنا لە گەڕی 35ـی خولی ئیسپانیادا بەئەنجامی 4-3 لە ریال مەدریدی بردەوە و بردنەوەی لالیگای تا راددەیەکی زۆر مسۆگەرکرد.
یارییەکە لەلایەن ناوبژیوان ئەلیخاندرۆ هێرناندێزەوە بەڕێوەبردرا، کە چەند بڕیارێکی مشتومڕاوی دا و یەکێک لەوانە رەتکردنەوەی گۆڵی پێنجەمی بارسیلۆنا بوو، کە بەر لە کۆتایی یارییەکە لەلایەن فێرمین لۆپێزەوە تۆمارکرا.
مشتومڕەکە بەهۆی ئەوە نەبوو کە گۆڵەکە بەهەڵە رەتکراوەتەوە، چونکە بەر لە گۆڵکردن تۆپەکە بەر دەستی لۆپێز کەوت، بەڵام مشتومڕەکە لەوەدایە کە ناوبژیوان کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ ڤار لەەبرخۆیەوە قسەیەک دەکات ناوبژیوانانی ڤار گوێبیستی دەبن و ئاشکرای دەکەن.
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی لەو بارەیەوە بڵاویکردووەتەوە، ناوبژیوانی ئیلکلاسیکۆ لە رووداوێکی مشتومڕاویدا تێوەگلاوە، بەتایبەتی سەبارەت بە گۆڵەکەی فێرمین لۆپێز کە دواتر رەتیکردەوە.
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، کاتێک ناوبژیوان لەڕێگەی تەکنەلۆجیای ڤیدیۆییەوە پێداچوونەوەی بە حاڵەتەکەدا دەکرد بۆ دڵنیابوون لە دروستی گۆڵەکە، کاتێک بینیویەتی تۆپەکە بەر دەستی لۆپێز کەوتووە، لەبەر خۆیەوە گوتوویەتی "سوپاس بۆ خوا" و ناوبژیوانانی ڤار گوێیان لەو قسەیەی بووە و دواتر ئاشکرایانکردووە.
سپۆرت داوای لە کارگێڕیی بارسێلۆنا کردووە بابەتەکە بورووژێنێت، کە بێگومان ئەو بابەتە ناوبژیوانەکە دەخاتە دۆخێکی سەخت و مەترسیدارەوە، چونکە ناوبژیوان دەەبێت بێلایەنانە کاری خۆی بکات.
بارسێلۆنا بەکۆکردنەوەی 82 خاڵ پێشەنگی خۆی لە ریزبەندیی خولی ئیسپانیا بەهێزتر کرد و بە 7 خاڵ لەپێش ریال مەدریدی پلە دووەوەیە، کە سێ گەڕ لە خولەکە ماوە و بردنەوەی نازناوەکە لەلایەن بارسێلۆناوە زۆر نزیکە.