ئەستێرەیەکی پێشوو هێرشێکی تووند دەکاتە سەر ریال مەدرید و ڤینیسیۆس

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەلڤارۆ بێنیتۆ، ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید هێرشی تووند دەکاتە سەر ڤینیسیۆس جونیۆر، هێرشبەری یانەی ریال مەدرید، دوای ئەوەی یاریی کلاسیکۆیان بەرامبەر یانەی بارسێلۆنا دۆڕاند.
 
بێنیتۆ، پێشتر لە 1995 تاوەکو 2002 لە یانەی ریال مەدرید یارییکردووە و لە هێڵی ناوەڕاست یارییدەکرد، یاریزانەکە لە 1997 نازناوی لالیگای بردووەتەوە.
 
ئەلڤارۆ قسەی بۆ میدیاکان کردووە و دەڵێت "ریال مەدرید لە گەڕانەوە بۆ بەرگری کێشەی هەبوو، کاتێک هێرشبەرەکان تێدەپەڕین، بەدواداچوونیان بۆ تۆپی دووەم نەبوو."
 
ئەو یاریزانەی پێشووی یانەی ریال مەدرید زیاتر گوتی "بەدرێژایی وەرز هەڵە کراوە، تیپەکە لە کارکردنی بەبێ تۆپ زۆر خراپە و ئەوە هی تیپێک نییە کە رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان بکات."
 
ئەلڤارۆ لەبارەی نیوەی یەکەمەوە دەڵێت "لە نیوەی یەکەمدا بارسێلۆنا شایستەی ئەوە بوو 6-0 پێشبکەوێت، بۆیە پێویستە سەر لە نوێ پێداچوونەوە بە هەموو شتەکاندا بکرێت."
 
یاریزانی پێشووی ئیسپانیا و ریال مەدرید هێشتا قسەیکرد و هێرشدەکاتە سەر ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەو دەڵێت "هیچ وەسفێک نییە بۆ ئەوەی ڤینیسیۆس دەیکات، بەڕاستی شەرمەزارکەرانەیە، ریال مەدرید یارییەکی زۆر خراپی کرد و سێ گۆڵی تۆمارکرد، بەڵام چی ئەگەر تیپەکە لە رووی بەرگرییەوە باش نەبێت."
 
دۆڕانی ریال مەدرید لە یاریی کلاسیکۆدا بەرامبەر بارسێلۆنا بە 3-4، مەدریدییەکانی تووڕەکرد و لە کاتی گەڕانەوەی پاسی یانەکەشدا بەشێکی هاندەران فیکەی ناڕەزایەتیان لە دژی یاریزانانی یانەکە لێدا.
 
ریال مەدرید ئەم وەرزە هیچ نازناوێکی نەبردەوە، لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیادا بەرامبەر بارسێلۆنا دۆڕا، لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر ئارسیناڵ دۆڕا و دەرکرا، لە لالیگاشدا بارسێلۆنا پێویستی بە تەنیا یەک بردنەوەی دیکەیە بۆ ئەوەی نازناوەکە یەکلابکاتەوە.