سزای یانەکانی نەورۆز و زاخۆ کەمکرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێوەیەکی فەرمی، سزای یانەکانی نەورۆز و زاخۆ لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا کەمکرایەوە و سبەی هاندەرانی یانەی زاخۆ دەتوانن بەرامبەر یانەی حدوود لە یاریگەدا ئامادەبن.
 
لیژنەی رێکاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و چەند بڕیارێکی نوێی لەبارەی سزادانی هەردوو یانەوە دەرکرد، دوای ئەوەی لە یاریی نێوانیاندا گرژی و ئاڵۆزی روویدا و لە خولەکی 80ـەوە یارییەکە راگیرا.
 
بڕیارەکانی لیژنەی رێکاری لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق
 
1- گۆڕانکاریکردن لە بڕیاری لیژنەی رێکاری ژمارە 113 کە لە 28-4-2025 دەرکراوە.
 
2- بێبەشکردنی هاندەرانی یانەی نەورۆز لە چوونە نێو یاریگە بۆ 2 یاری و پێبژاردنی 25 ملیۆن دینار وەکو سزای دارایی.
 
3- بێبەشکردنی هاندەرانی یانەی زاخۆ لە چوونە نێو یاریگە بۆ یاری و پێبژاردنی 25 ملیۆن دینار وەکو سزای دارایی.
 
4- تەواوکردنی یاریی نێوان هەردوو یانە لە خولەکی 80ـەوە.
 
5- راسپاردنی لیژنەی رکابەرییەکان بۆ دیاریکردنی وادەیەکی گونجاو و یاریگەیەکی بێلایەن بۆ تەواوکردنی یاریی نێوان هەردوو یانە.
 
6- دووپاتکردنەوە لەسەر ئەوەی یانەکانی هەرێمی کوردستان گرنگە بەشێوەیەکی زۆرباش ئاسایشی یاریگەکان بپارێزن و بەپێی ژمارەی ئامادەبوونی هاندەران و بە لە بەرچاوگرتنی رێنماییەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و ئاسیا هێزی ئاسایشپارێز دابین بکەن و پێچەوانەی ئەوە لادانە لە رێکارە یاساییەکان.
 
7- پێدانی هۆشداری و ئاگادارکردنەوە بە رێکخەری ئاسایشی یارییەکە (دلێر محەممەد ئەحمەد)، لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی سەرپێچی بە تووندی سزادەدرێت.
 
8- پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هێزی ئاسایشپارێزی گونجاو بۆ هەموو یارییەک دابین بکات و هێزی رووبەڕووبوونەوەی گرژییەکان (ئاسایشی یاریگە) دروستبکات بۆ ئەوەی هاندەران لە هەر لادانێکی نا وەرزشی بپارێزێت.
 
9- پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردوو یانە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکانی یاریگەی نەورۆز بکەن و هەردوو یانە بە هاوبەشی خەرجییەکانی چاککردنەوەی بگرنە ئەستۆ.
 
10- لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی سەرپێچی سزای تووندتر دەستپێندرێن.