گرێبەستی سەدە؛ شۆکێکی گەورە بۆ بارسێلۆنا بەڕێوەیە
رووداو دیجیتاڵ
چاوی هاندەرانی تۆپی پێی ئەورووپا لەسەر پاریسی پایتەختی فەرەنسایە، چونکە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کارگێڕیی پاریس سانجێرمان خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەنجامدانی گرێبەستێکی زەبەلاح کە لەوانەیە سیمای بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوو بگۆڕێت.
یانە پاریسییەکە، کە هەوڵدەدات خوێنێکی نوێ بکات بە بەر هێڵی هێرشبەریدا بۆ وەرزی نوێ، وادیارە سوورە لەسەر گواستنەوەی یەکێک لە دیارترین هێرشبەرەکانی ئیستای کیشوەری ئەورووپا.
گفتووگۆی جددی لە نێوان پاریس و ئاتلێتیکۆ مەدرید
ئیاناکی ڤیلالۆن، رۆژنامەنووسی ئیسپانی لەڕێگەی بەرنامەی ئێل چرینگیتۆ ئاشکرایکرد کە پاریس سانجێرمان و ئاتلێتیکۆ مەدرید بەکردەیی چوونەتە ناو گفتوگۆی فەرمی سەبارەت بەگواستنەوەی جولیان ئەلڤارێزی هێرشبەری ئەرجەنتینی بۆ ریزی تیپە فەرەنسییەکە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەهای گرێبەستە چاوەڕوانکراوەکە زۆر لە 150 ملیۆن یۆرۆ زیاترە.
بەگوێرەی ئەوەی رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی بڵاویکردووەتەوە، لویس ئینریکێ راهێنەر ئارەزوویەکی بەهێزی نیشانداوە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەلڤارێز بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەر، بەو پێیەی یاریزانە ئەرجەنتینییەکە بەو پارچە ونبووە دەزانێت کە پڕۆژە وەرزشییەکەی بۆ وەرزی داهاتوو تەواو دەکات.
بڕیارێکی لەناکاوی ئەلڤارێز دەرگا بۆ گەورەکان دەکاتەوە
رادیۆی SERـی ئیسپانی پشتڕاستی کردەوە کە جولیان ئەلڤارێزی تەمەن 25 ساڵ، بڕیاری کۆتایی خۆی داوە بۆ جێهێشتنی ئاتلێتیکۆ مەدرید تەنیا دوای یەک وەرز لە پەیوەندیکردنی بە تیپەکە، لە هەنگاوێکدا کە کارگێڕیی یانە ئیسپانییەکەی تووشی سەرسوڕمان کرد و دەرگای بۆ گەورەکانی ئەورووپا واڵا کرد بۆ کێبڕکێ لەسەر تواناکانی.
ئەو یاریزانە سەرنجی روونی بارسێلۆنا و ئارسیناڵی لەسەرە، بەڵام ئاماژە نوێیەکان کێشەکە بۆ بەرژەوەندی پاریس سانجێرمان یەکلایی دەکەنەوە، بەتایبەت دوای ئەو ئاماژە ئەرێنییانەی کە ئەلڤارێز نیشانی داوە بۆ گواستنەوە بۆ پایتەختی فەرەنسا و کارکردن لەژێر سەرپەرشتی لویس ئینریکێ.
دیدگای ئینریکێ و کامپۆس سیاسەتی پاریس دەگۆڕێت
ماوەی چەند مانگێکە ناوی جولیان ئەلڤارێز پێگەیەکی تایبەتی لە لیستی ئامانجەکانی پاریس سانجێرماندا هەیە.
لویس ئینریکێ لەگەڵ لویس کامپۆسی راوێژکاری وەرزشی باوەڕیان وایە کە یاریزانە ئەرجەنتینییەکە چارەسەری نموونەییە بۆ بەرزکردنەوەی کاریگەری هێرشبەری تیپەکە، بەتایبەتی لەکاتێکدا یانەکە هەوڵدەدات هاوسەنگی هونەری خۆی بپارێزێت دوای رۆیشتنی چەندین ئەستێرە لە وەرزەکانی رابردوودا.
بەپێچەوانەی ئەوەی یانە پاریسییەکە لە ساڵانی رابردوودا لەسەری راهاتبوو کە گرێبەستی خەیاڵی و پارەی زەبەلاحی خەرج دەکرد، ئەم دووانەیە ئینریکێ و کامپۆس رێگەیەکی ژیرانەتریان لە بازاڕی گواستنەوەدا گرتووەتە بەر، کە سەرنج لەسەر پڕکردنەوەی کونە راستەقینەکانی پێکهاتەکە دەدات لەبری گرێبەستی نمایشکاری.
وەرزێکی نائاسایی
وەرزی رابردوو، پاریس سانجێرمان تەنیا بە گرێبەستکردن لەگەڵ لوکاس شۆڤالیێی گۆڵپارێز و ئیلیا زابارنی بەرگریکار وازی هێنا، ئەمەش دوای هەڵسەنگاندنێکی وردی ئینریکێ کە پێیوابوو تیپەکە پێویستی بە گۆڕانکاری بنەڕەتی نییە.
ئەم سیاسەتە سەرکەوتنی خۆی سەلماند، چونکە یانەکە بۆ وەرزی دووەم لەسەریەک گەیشتە یاریی کۆتایی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا و ئەمساڵیش چاوی لەوەیە دووەم ئەستێرە بۆ مێژووە ئەورووپییەکەی زیاد بکات.
گرێبەستی سەدە لە ئاسۆدا دیارە
لەگەڵ نزیکبوونەوەی مێرکاتۆی هاوینە، وادیارە پاریس سانجێرمان خۆی ئامادە دەکات بۆ وەشاندنی گورزێکی بەهێز لە ئاتلێتیکۆ مەدرید، بەگرێبەستێک کە لەوانەیە لە ریزی گرانبەهاترینەکانی مێژووی تۆپی پێدا پۆلێن بکرێت.
ئەگەر گفتوگۆکان بەسەرکەوتوویی کۆتاییان بێت، ئەوا گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز بۆ پارک دی پرینس دەبێتە ناونیشانی سەرەکی هاوینی 2026 و گرێبەستێک کە لەوانەیە هاوسەنگی هێز لە کیشوەری ئەورووپادا بگۆڕێت.