وەزیرێکی ئیسرائیل هێرشی تووند دەکاتە سەر لامین یامال
رووداو دیجیتاڵ
لامین یامالی ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، رووبەڕووی هێرشی تووندی چەند کەسایەتییەکی ئیسرائیلی بووەوە، پاشئەوەی ئاڵای فەڵەستینی لە ئاهەنگی بەدەستهێنانی نازناوی لالیگادا بەرزکردەوە.
لامین لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئاهەنگەکانی دوێنێی یانەکەدا بەبۆنەی بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا، ئاڵای فەڵەستینی بەرزکردەوە، کاتێک لەسەر پشتی ئەو پاسە سەرکراوەیەبوو کە بۆ ئاهەنگگێڕان، بەنێو شەقامەکانی بارسێلۆنادا دەسووڕایەوە.
ئیتمار بن غەفیری وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل، لە وەڵامی ئەو ئاڵا بەرزکردنەوەیەی لامین، لە سۆشیال میدیای خۆی نووسیویەتی، "دەبێ کەسێک بۆ لامین یامالی یاریزانی تۆپی پێی روون بکاتەوە، ئەو ئاڵای وڵاتێکی بەرزکردووەتەوە کە بوونی نییە و لە پشتییەوە رووباری خوێن، تیرۆر و کوشتنی جوولەکە هەیە".
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئەوەی شانازی بەئاڵای تیرۆرەوە بکات، نابێ بەلایەوە سەیربێت کاتێک ئیسرائیلییەکان رقیان لێیەتی".
ئەو وەزیرە ئیسرائیلییە تاکە بەرپرسی ئیسرائیل نەبوو کە هێرشی کردە سەر لامین، چەندین رۆژنامەنووسی دیاری وڵاتەکە بەهەمان شێوە هێرشی تووندیان کردە لامین.
تسیڤی یاهێزقیلی کە یەکێکە لە رۆژنامەنووسە دیارەکانی ئیسرائیل، نووسیویەتی، "بارسێلۆنا نازناوی لالیگای بردووەتەوە، پێشبینی بکەن یاریزانەکان لە کەژاوەکەدا کام ئاڵایان لەسەر پاسەکە هەڵکردووە؟".
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئاڵای رێکخراوی ئازادیخوازی فەڵەستین، ئاڵای رێکخراوێکی دژە سامییە و خاوەنەکانی نکوڵی لە بوونی ئێمە دەکەن. لامین یامالی ئەستێرەی بارسێلۆنا کە لە ڤیدیۆیەکدا دەرکەوتووە و ئاڵاکە بەرز دەکاتەوە، کوڕی باوکێکی موسڵمانی کۆچبەری مەغریبییە لە ئیسپانیا دەژی، ئەمە روونکردنەوەیە بۆ هاندەرەکانی لەو وڵاتەدا".
کەناڵی 12ی ئیسرائیل لای خۆیەوە دەڵێ، "لامین ئەو بۆنە وەرزشییەی قۆستووەتەوە بۆ ئەوەی گوزارشت لە هەڵوێستێکی سیاسی بکات، لە کاتێکدا یاریزانانی بارسێلۆنا بەملپێچی یانەکەوە ئاهەنگیان گێڕا، لامین بەئاڵای فەڵەستینەوە ئاهەنگی دەگێڕا".
رۆژنامەی 'یەدیعۆت ئەحرۆنۆت'ی ئیسرائیلی دەڵێ، ئەمە یەکەمجار نییە ئەو یاریزانە گوزارشت لە هەڵوێستە سیاسییەکانی خۆی دەکات.
لامین یەکێک بوو لە ئەستێرە درەوشاوەکانی وەرزی ئەمساڵی لالیگا و یانەی بارسێلۆنا، رۆڵی گەورەی هەبوو لە بەدەستهێنانی هەردوو نازناوی جامی سوپەر و لالیگا لەلایەن یانەکەوە.