مێسی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ بارسێلۆنا ئامادە دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

 

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی بەردەوامە لە کێشانی نەخشەی گەڕانەوەی بۆ  بارسێلۆنا، بەتایبەت کە ئێستا لە دوا قۆناخی گرێبەستەکەیدایە لەگەڵ یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، کە لە کانوونی یەکەمی 2028 کۆتایی دێت.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، بڕیارە مێسی دوای وازهێنانی لە یاریکردن، لە ماڵەکەی خۆی لە ناوچەی کاستێلدێفێڵس نیشتەجێ ببێت، کە هەمان ئەو ناوچەیەیە کە تەواوی ماوە مێژووییەکەی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا تێدا بەسەربرد.
 
ئەوەش ئاشکرا کراوە کە کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەکردەیی دەستی بە ئامادەکاری بۆ ئەم گەڕانەوەیە کردووە، ئەمەش لە رێگەی زنجیرەیەک وەبەرهێنان کە لە هەفتەکانی رابردوودا ئەنجامی داون. سەرەتا بە کڕینی ئامێری پێشکەوتوو بۆ هۆڵە وەرزشییە تایبەتەکەی دەستیپێکرد، دواتریش یانەی کۆرنێی کڕییەوە کە یەکێکە لە دیارترین یانەکانی پێگەیاندنی یاریزانان لە هەرێمی کەتەلۆنیا.
 
هەنگاوی کڕینی ئەم یانەیە، کە دەکەوێتە تەنیشت یاریگای  ئاڕ سی دی ئی و لە خولی پلە پێنج یاری دەکات، پاڵنەرێکی ستراتیژی لەپشتە. مێسی دەیەوێت ببێتە خاوەنی تیپێکی وەرزشی لە ناوچەی بارسێلۆنا، ئەمەش پڕۆژەیەکە کە پۆڵگا ئامانجییەتی لێیەوە پەیوەندییە بەهێزەکەی لەگەڵ جیهانی تۆپی پێدا بپارێزێت.
 
لەهەمان چوارچێوەدا، مێسی هۆڵە بازرگانییەکانی واگنەریکڕیوە کە دەکەونە تەنیشت تۆرۆ پارک لە شاری بارسێلۆنا. نووسینگەی سانتۆمێرا بای، کە نوێنەرایەتی لایەنی فرۆشیار دەکات، پشتڕاستی کردەوە کە ئەم پرۆسەیە لە رێگەی کۆمپانیای ئێدیفیسیۆ رۆستاوەری سەر بە ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە ئەنجامدراوە. مێسی لەڕێگەی ئەم کۆمپانیایەوە زنجیرە هۆتێلەکانی MiM و چێشتخانەکانی سیجیدۆریش بەڕێوەدەبات.
 
بەهای ئەم گرێبەستە 11.5 ملیۆن یۆرۆ بووە. ئامانجی پڕۆژەکە نۆژەنکردنەوەی تەواوی شوێنەکەیە بۆ ئەوەی بکرێتە کۆمەڵگەیەکی نووسینگەی بازرگانی بۆ بەکرێدان. واگنەر شوێنێکی بازرگانی مێژووییە لە بارسێلۆنا، لە ساڵی 1985 کرایەوە، بەڵام لەساڵی 1993 بەهۆی کێشەی نێوان خاوەنەکانی داخرابوو.
 
ئێستا مێسی خەریکی وەرگرتنی مۆڵەتە فەرمییەکانە بۆ دەستپێکردنی کارکردن لەم شوێنەدا، کە چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی ساڵێکدا بکەوێتە گەڕ. پڕۆژەکە لەلایەن جۆردی ئارتیگاس و ئەلێخاندرۆ فێرناندیزەوە سەرپەرشتی دەکرێت، کە هەردووکیان پێشتر لە زنجیرە هۆتێلەکانی مێسی کارمەند بوون.