سۆلاری، پێرێزی تووڕەکردووە


رووداو دیجیتاڵ

 

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، سانتیاگۆ سۆلاری، یاریزانی پێشووی یانەی ریال مەدرید، بووەتە هۆکاری تووڕەبوونی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە، چونکە پلانێکی گەورەی ئەوی تێکداوە.

 

سەرچاوەکان رایانگەیاندووە، هۆکاری تووڕەبوونی سەرۆکی ریال مەدرید لە سۆلاری، بەهۆی رەتکردنەوەی کار و تێکدانی پلانەکانی سەرۆکی یانەکە بووە.

پێرێز داوای لە سۆلاری کردووە، لە دوای رۆیشتنی کارلۆ ئەنچێلۆتی، مەشقدانی یانەکە وەربگرێت تاوەکو کۆتایی هاتنی مۆندیالی یانەکان، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە.

 

سەرچاوەکان دەڵێن، پێرێز خۆی لەوەدا یەکلایی کردووەتەوە کە چابی ئەلۆنسۆ راهێنەری داهاتووی ریال مەدریدە، بەڵام پێی باشبووە سۆلاری بەشێوەیەکی کاتی، مەشقدانی تیپەکە لە مۆندیالی یانەکاندا وەربگرێت، بەڵام سۆلاری رەتیکردووەتەوە.

 

سەرۆکی ریال مەدرید، وەک ئەوەی سەرچاوەکان دەڵێن، وا بیریکردووەتەوە کە مۆندیالی یانەکان، لەبەرئەوەی ماوەی ئامادەکارییەکەی کەمە و تیپەکەش سەقامگیر نییە، تاقیکردنەوەیەکی باش نابێت بۆ سەرەتای دەستپێکردنی ئەلۆنسۆ، هەربۆیە وا باشترە لە دوای پاڵەوانێتییەکە، مەشقدانی تیپەکە وەربگرێت.

 

پێرێز بە کەسە نزیکەکانی گوتووە، شکستهێنان لە مۆندیالی یانەکاندا، ئەلۆنسۆ دەخاتە ژێر گوشاری زۆرەوە لەسەرەتای کارکردنیدا لەگەڵ ریال مەدرید، هەربۆیە واباشترە ئەو سەرکێشییە نەکرێت و سۆلاری بەشێوەیەکی کاتی ئەرکەکە لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام سۆلاری رەتیکردووەتەوە.

 

تاوەکو ئێستا هۆکاری رەتکردنەوەی کارەکە لەلایەن سۆلارییەوە ئاشکرانەکراوە، بەڵام چابی ئەلۆنسۆ لەگەڵ یەکەم پەیوەندی ریال مەدرید، بەکارەکە رازیبووە و زۆر دڵخۆشبووە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە.

 

سۆلاری پێشتر بۆ چەندین ساڵ یاریزانی ریال مەدرید بووە، ماوەیەکی کەمیش مەشقدانی یانەکەی وەرگرتووە، بەڵام دواتر لە پاش هاتنی زینەدین زیدان لە مەشقدانی یانەکە دوورخرایەوە و گەڕایەوە پۆستەکەی خۆی کە کارکردنە لە کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید.

ئەلۆنسۆ لە دوای ناساندنی وەک راهێنەری ریال مەدرید، گوتی "ئەمە باشترین کاتە بۆ دەستپێکردن و وزەی زۆرم هەیە، ئێستا دەبێ لە یاریگەدا بەکاری بهێنم".

 

لە دوای دەستنیشانکردنی ئەلۆنسۆ بەڕاهێنەری یانەکە، ریال مەدرید بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ هەریەکە لە ترێنست ئەلیکساندەر ئارنۆڵد و دین هاوسن راگەیاندووە، لەکاتێکدا بەپێی زۆرینەی سەرچاوەکان، گرێبەستی ماستانتانۆشی تەواوکردووە، بەڵام بەفەرمی رانەگەیێنراوە.

 

ریال مەدرید لە یەکەم یاریی خۆیدا لە مۆندیالی یانەکان، رووبەڕووی یانەی هیلالی سعودی دەبێتەوە.