ڤیدیۆ؛ ئەو یاریزانە کوردەی لە چامپیۆنزلیگدا یاری دەکات، هاندەری رۆناڵدۆیە و میوانی رووداوە

 
رووداو دیجیتاڵ

مێرخاس دۆسکی، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی ڤیکتۆریا پڵزنی چیکی دەڵێت "هاندەری کریستیانۆ رۆناڵدۆ و یانەی ریال مەدریدم و بەدڵنیاییەوە دەگەینە مۆندیالی 2026."
 
مێرخاس دۆسکی، بەرگریکاری کوردی هەڵبژاردەی عێراق ئێستا لە زاخۆیە و لەبارەی گەڕانەوەی بۆ شارەکەی، پاڵاوتنەکانی مۆندیال لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق و داهاتووی خۆی، لە بوولتەنی وەرزشیی کاژێر 13:30 میوانی سامان وڵاتژێری و تۆڕی میدیایی رووداو بوو.
 
ئەمە دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداوە لەگەڵ ئەستێرە کوردەکە
 
رووداو؛ کاک مێرخاس، سڵاو بەخێربێی بۆ رووداو 
 
مێرخاس دۆسکی: زۆر سوپاس، خۆشحاڵم لێرەم و قسەتان لەگەڵ دەکەم، پێش هەموو شتێک دەمەوێت سوپاستان بکەم، دوێنێ گەیشتمە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەگەڵ خزم و کەسوکارەکانم گەیشتمە ئێرە، خەڵکی ئێرە و خەڵکی زاخۆ زۆر پێشوازییان لێکردم و دەمەوێت سوپاسی هەمووتان بکەم بۆ ئەو پێشوازییە، دوو هەفتە لێرە دەبم، باوکم پێیگوتم دەستبەجێ بگەمە زاخۆ، پێشتر کە سەردانی زاخۆم کرد نزیکەی 5 بۆ 6 ساڵ بووم، ئێستا زاخۆ زۆر پێشکەوتووە و زۆر خۆشحاڵم.
 
رووداو: ڤیدیۆیەکی تۆم بینی، تۆ گوتت زاخۆ وەکو ئەورووپا گەورە بووە و خۆش بووە، چۆن بوو شەوی رابردوو ماوەیەکی کەم بە زاخۆدا گەڕای؟
 
مێرخاس دۆسکی: زۆر دڵخۆشبووم، سەردانی کۆرنیشم کرد زۆر سەرنجڕاکێش بوو، هەستناکەی ئەو شوێنە لە کوردستان بێت، هەستدەکەیت لە ئەورووپایە، ئاوەکەی زۆر ساف بوو، رووناکی زۆر باش هەبوو و زۆر شانازی بە شارەکەی خۆم دەکەم و هیوادارم لە داهاتوودا وەکو دوبەی لێبێت.
 
رووداو: ئێوە لە هەڵبژاردەی عێراق، هەلی سەرکەوتنی راستەوخۆتان لەدەستدا، بەڵام پلەی ئۆف ماوە، لەو باوەڕەدان دەتوانن بگەنە مۆندیالی 2026 دوای ئەوەی لە ئوردنتان بردەوە و چوونە پلەی ئۆف؟
 
مێرخاس دۆسکی: بەڵێ 100٪ دەتوانم بەڵێنتان پێبدەم، باشترین هەوڵی خۆمان دەدەین لە یارییەکانی پلەی ئۆفی داهاتوودا و دڵنیام دەگەینە جامی جیهانی، ئەوانەشی پاڵپشتیمان دەکەن لە هاندەرانمان متمانەی زۆریان بە ئێمە هەیە، لە یاریی پێشتریش دەمانتوانی گۆڵی زیاتر تۆماربکەین و بردنەوەی یارییەکە بۆ ئێمە زۆر گرنگ دەبوو و کەشێکی باشترمان بۆ دروستدەبوو و دڵنیام لە داهاتوودا باشتر یاری دەکەین و ئەمە تەنیا سەرەتایە.
 
رووداو: کۆمەڵەکەتان زۆر زەحمەت نەبوو، هۆکار چی بوو؟ ئێوە لە فەلەستین و کوێتتان نەبردەوە، چی بووە هۆکار راستەوخۆ نەگەنە مۆندیال، بۆ عێراق کەوتە نێو ئەم دۆخەوە؟
 
مێرخاس دۆسکی: چەندین هۆکار هەن، بەڵام لە کۆتاییدا ئەمە تۆپی پێیە و هەرگیز نازانیت هۆکارەکە چییە، یاریی بەرامبەر فەلەستینیش هەرچەند وڵاتێکی گەورەیە، بەڵام یارییکردن ئەمە نازانێت، یارییەکی باشمان کرد، بەڵام بینیتان دواتر شتەکان گۆڕدران، بەڵام پێموایە هۆکارەکەی ئێمە بووین نەک راهێنەر، دەبووایە هەموو یاریزانەکان بەشێوەیەکی باش ئامادەبن، بەڵام ئامادەنەبووین، یارییکردن وایە ئەگەر بەباشی خۆت ئامادەنەکەیت باجەکەی دەدەیت، سوپاس بۆ خوا ئێستا بیرکردنەوەمان لەسەر ئێستایە و بیر لە داهاتوو دەکەینەوە.
 
رووداو: زۆر کەس ستایشی گراهام ئارنۆڵدیان کرد، دەیانگوت ئەگەر گراهام ئارنۆڵد راهێنەری عێراق بووایە دەگەیشتنە مۆندیال، جیاوازیی ئەو راهێنەرە لەگەڵ کاساس چی بوو لەو دوو یارییە سەرپەرشتی کردن بەرامبەر کۆریا و ئوردن؟
 
مێرخاس دۆسکی: پێش هەموو شتێک کەسایەتی جیاوازبوو، ئەو راهێنەرێکی زۆر سادەبوو و هەموو رۆژێک قسەی بۆ دەکردی و لەبارەی هەستەکانتەوە پرسیاری لێ دەکردی و ئەوانەشی لەگەڵی بوون زۆر بە ئەزموون بوون و ئەزموونی زۆرباشیان هەبوو، وابزانم پێشتر دووجار بەشدارییان لە جامی جیهاندا کردبوو و ئەمەش وایکرد هاندانێکی زیاترمان هەبێت و ئەو ئامادەکارییانەی ئەو دەیکرد زۆرباشبوو و من خۆم وەکو کەسێک زۆرباش لەگەڵ تاکتیکەکان و سیاسەتی ئەودا راهاتبووم و ئەو دەیویست ئێمە بەباشی یاری بکەین و لە کەشێکی ئەرێنیدابین.
 
رووداو: تۆ وەکو یاریزانێک، بەبڕوای تۆ دوورخستنەوەی خیسۆس کاساس لە راهێنەرایەتیکردنی عێراق لەم قۆناخەدا دروستبوو؟
 
مێرخاس دۆسکی: لە راستیدا من تەنیا یاریزانێکم، بەڵام دەتوانم بڵێم تۆپی پێ وەکو بازرگانی وایە یەک هەڵە بکەیت، هەموو ئەو کارە باشانە لەبیر دەکرێت کە کردووتە، ئێمە سێ ساڵ لەگەڵ ئەو راهێنەرە کاری زۆرباشمان کرد، لە جامی ئاسیا کاری زۆرباشمان کرد و یاریی باشمان کرد، بەڵام دوای سێ ساڵ بینیمان دۆخەکە گۆڕا، بۆ راهێنەرەکان شتەکە ئاوایە، ئەگەر تەنیا یەک یاری بدۆڕێی دەبینی شتەکان پێچەوانە دەبێتەوە، من خۆم سوپاسگوزاری ئەو راهێنەرەم، بەردەوام لەگەڵیدا لە پەیوەندیدام، کەسێکی زۆرباشە و دەمەوێت سوپاسی بکەم.
 
رووداو: دەمەوێت وەڵامی ئەم پرسیارەم بە کوردی بدەیتەوە، نزیکترین هاوڕێت لە هەڵبژاردەی عێراقدا کێیە؟
 
مێرخاس دۆسکی: ئێمە هەموومان یەک گرووپین، هەمووان هاوڕێمن و هەمووان برای یەکین، تیپەکە وەکو یەک خێزانە لەگەڵ هەمووان زۆرباشم و بەردەوام پێدەکەنین و رۆژی زۆرباشمان هەیە.
 
رووداو: بەڵام یەکێکیان زۆر لە تۆوە نزیکە، یوسف ئەمین زۆر لە تۆوە نزیکە؟
 
مێرخاس دۆسکی: بەڵێ بەدڵنیاییەوە، ئەمیر، یوسف، رێبین و هەموو یاریزانەکانی دیکە، من جیاوازی لەنێوانیاندا ناکەم.
 
رووداو: مێرخاس، تۆ ئێستا لەنێو خەڵکەکەتدای لە زاخۆ، حەزت لە چ خواردنێکە و زاخۆییەکان چیت پێدەدەن؟
 
مێرخاس دۆسکی: بەڵێ، بەڵێ، هەمی پسمامێت منن، باوکم هاتە فرۆکەخانە، مامەکانم، ئەمە شتێکی زۆرباشە بۆ من و زۆر خۆشحاڵم هەمووان هاتنە پێشوازیم و بەدڵنیاییەوە خواردنی کوردیش باشترین و خۆشترینە.
 
رووداو: لە زاخۆ چی دەخۆیت، چیت دەدەنێ؟ زاخۆییەکان بە خواردن بەنێوبانگن.
 
مێرخاس دۆسکی: نیسکە و دۆڵمەیە، حەزم لە زۆر خواردنە و خواردنەکانمان زۆر خۆشە، من رۆژێکە لێرەم و تاوەکو یەکشەممە دەمێنمەوە و زۆر خواردن دەخوم.
 
رووداو: باوکت کاک غازی کەسێکی بەنێوبانگە، ئێوە دۆسکین و بەنێوبانگن، باوکت کچێکی بۆ نەدۆزیتەوە بۆ ئەوەی ژیانی هاوژینی پێکبێنیت؟
 
مێرخاس دۆسکی: نەخێر تاوەکو ئێستا، بەڵام دەگەڕێت و دەیەوێت بۆم بدۆزێتەوە، من ئێستا بیر و هۆشم تەنیا لەسەر یارییکردنە و بیرم لەم شتە نەکردووەتەوە و لە داهاتوودا بیری لێدەکەمەوە.
 
رووداو: بچینە سەر بابەتی ڤیکتۆریا پڵزن، تۆ لە ئاستێکی زۆر بەرز یاری دەکەیت لە چیک، یانەکەت بەشداری لە پاڵاوتنەکانی چامپیۆنزلیگدا دەکات، تۆ لە یۆرۆپالیگ یاریت کردووە، ئێستا لە چامپیۆنزلیگدا، دەتەوێت چی بکەیت و تاوەکو کەی لە ڤیکتۆریا پڵزن دەمێنیتەوە؟
 
مێرخاس دۆسکی: ئێستا بۆ دوو ساڵی داهاتوو گرێبەستم هەیە، ئەو یانەیەی من یاریی بۆ دەکەم، یانەیەکی زۆرباشە و پێشتر لە چەندین خولی گەورەدا بەشداریمان کردووە و کوالێتییەکی زۆرباشمان هەیە و پشتیوان بەخوا لە وەرزی داهاتوودا بەشداری لە چامپیۆنزلیگدا یاری دەکەین و ئامانجی منیش ئەوەیە بەشداری لە چامپیۆنزلیگ و جامی جیهاندا یاری بکەم و پشتبەخوا ئەمساڵ بەشداری لە هەردووکیاندا دەکەم.
 
رووداو: مێرخاس دۆسکی بە کام یاریزان سەرسامە و کێ نموونەی باڵای تۆیە لە تۆپی پێدا؟
 
مێرخاس دۆسکی: لە راستیدا باشترین یاریزان بۆ من کریستیانۆ رۆناڵدۆیە، لە منداڵییەوە بەردەوام سەیری کریستیانۆ رۆناڵدۆم دەکرد، ئەو کاری زۆر جوان و سەرنجڕاکێشی بۆ ماوەی 21 ساڵ بۆ تۆپی پێ کردووە و تاوەکو ئێستاش کاری زۆر جوان و سەرنجڕاکێش دەکات و دەتوانیت سەیری بکەیت کە هەموو ئەم شتانە دیارە، هەروەها سێرخیۆ رامۆس و دانی کارڤاخاڵیش یاریزانی زۆرباشن.
 
رووداو: کەواتە تۆ هاندەری ریال مەدریدیت؟
 
مێرخاس دۆسکی: بەڵێ بەدڵنیاییەوە.
 
رووداو: لەسەر چابی ئەڵۆنسۆ چی دەڵێیت بووەتە راهێنەری ریال مەدرید، باشە؟
 
مێرخاس دۆسکی: بەڵێ، ئەو یاریزانێکی زۆرباشبوو، یاریزانێکی زۆر بە تەکنیک بوو و بە تەکنیک و پاسە جوانەکانی کاری زۆر جوانی کرد، ئێستاش کە بووەتە راهێنەر راهێنەرێکی زۆرباشبووە، ئەو کە یاریزان بوو یاریزانێکی باشبوو و بەدڵنیاییەوە پێموایە دەبێتە راهێنەرێکی باش، بینیمان لەگەڵ لیڤەرکوزن چۆن بوو و لە چامپیۆنزلیگیش بینیمان، پێموایە ئەو راهێنەرێکی سەرنجڕاکێشە و چاویشم لەوەیە ببینم لە ریال مەدرید چی دەکات.
 
رووداو: ئەمە با پرسیاری کۆتایی بێت و بە کوردی وەڵامم بدەرەوە، شەممە دەچیتە یاریگەی زاخۆ، پەیامی تۆ بۆ هاندەرانی زاخۆ چییە و چیان پێدەڵێی؟
 
مێرخاس دۆسکی: پەیامەکە زۆر روونە، خۆشحاڵم کە لێرەم، بە کوردی قسە بکەم ناتوانم هەموو قسەیەک بکەم، بەڵام کێشەیەک نییە، هاندەرانی زاخۆ، شەممە من دەچمە یاریگە و پشتبەخوا دەیبەنەوە، زۆر دەمەوێت سەیریان بکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
 
رووداو: حەزدەکەی رۆژێک درێسی زاخۆ بپۆشیت و بۆ زاخۆ یاری بکەیت؟
 
مێرخاس دۆسکی: پشتبەخوا، پشتبەخوا، بەڵام وەکو دەزانن من ئێستا لە ئەورووپام و گرێبەستم هەیە، نازانیت چی روودەدات.
 
رووداو: مێرخاس دۆسکی، یاریزانی بەنێوبانگی کوردی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی ڤیکتۆریا پڵزنی چیکی، زۆر سوپاس میوانی رووداو بووی.