کوردێک بانگێشتی هەڵبژاردەی سوریا کرا
رووداو - هەولێر
گۆڵپارێزی کوردی رۆژئاوای کوردستان و یانەی پێشمەرگەی هەولێری باشووری کوردستان کاوە حەسۆ بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیالی 2018 بانگێشتی هەڵبژاردەی سووریا کرا.
هەڵبژاردەی سوریا لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا داوای لە گۆڵپارێزەکە کردووە بۆ بەشداریکردن لە مەشق و راهێنانەکانی هەڵبژاردەکە لە دیمەشق بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە جامی جیهانی 2018 پەیوەندی بە ریزەکانی هەڵبژاردەکەوە بکات.
کاوە حەسۆ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە رووداوی راگەیاند، زۆر دڵخۆشە بە بانگێشتکردنی بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی سووریا و گوتی شانازی بەوەدەکەم وەک کوردێک بانگێشتی هەڵبژاردەکە کراوم و پاڵەپەستوویەکی زۆری هاندەرانیشم لەسەرە بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەی پەیوەندیکردن بە ریزەکانی هەڵبژاردەکەوە بدەم، چونکە تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتاییم نەداوە بەشداری بکەم یان نا.
کاوە وەرزی رابردوو لە خولی نایابی کوردستان ئاستێکی بەرزی لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی هەولێر پێشکەشکرد و پلەی دووەمی خولەکەی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێنا، ئاستی بەرزی گۆڵپارێزەکەش بووە هۆکار بۆ ئەوەی بانگێشتی هەڵبژاردەی سوریا بکرێت.
هەڵبژاردەی سوریا گەیشتووەتە قۆناخی دووەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2018 لە رووسیا و لە کۆمەڵەی یەکەمدا بەرامبەر هەڵبژاردەکانی ئێران، کۆریای باشوور، ئۆزباکستان، چین و قەتەر یاریدەکات و یەکەم یاریشی لەو قۆناخەدا لە 31-8-2016 بەرامبەر ئۆزباکستانە لە تاشقەند.