یوڤێ بەرگری لە گەنجەکەی تانگۆ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
فابیۆ پاراتیچی، بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی یوڤێنتوس دەڵێت، هەنگاوی زۆرباشیان ناوە بۆ ئەوەی گرێبەستی پاوڵۆ دیبالا نوێبکەنەوە.
دیبالا گرێبەستی ئێستای لەگەڵ خانمە پیرەکە لە هاوینی 2022 کۆتاییدێت، بەڵام دەستەی کارگێری یوڤێنتوس دەیەوێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە و مووچەکەیشی بەرزبکاتەوە.
یاریزانە ئەرجەنتنییەکە لە 40 یاریی ئەم وەرزەدا 30 هەلی گۆڵکردنی دروستکردووە و رۆژ لە دوای رۆژیش ئاستێکی بەرزتر پێشکێشدەکات.
فابیۆ پاراتیچی، بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، قسەیان لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە کردووە، چونکە پاوڵۆ دیبالا یاریزانێکی گرنگە بۆ یوڤێنتوس.
پاراتیچی زیاتر گوتی، کاتێک پێنج ساڵ لەمەوبەر بەرامبەر 40 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستمان لەگەڵ یاریزانەکە واژۆکرد، بۆ ئێمە سەرکێشی بوو، بەڵام بەراستی دەرکەوت کە ئەو سەرکێشییە لە جێی خۆی بوو و ئەو یاریزانە بە توانا هونەرییەکانی هەمووانی سەرسامکرد.
فابیۆ لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی، متمانەیەکی زۆریان بە یاریزانەکە هەیە و پاوڵۆ دەتوانێت زیاتر پێشکێشبکات.
ئەم هەنگاوەی یوڤێنتوس بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی پاوڵۆ دیبالا لە کاتێکدایە، هاوینی رابردوو ئەو یاریزانە بەربژێر بۆ ئەوەی لە یانەکە بڕوات، یانەکانی مانچێستەر یونایتد و تۆتێنهام هەوڵی گواستنەوەیان دەدا، بەڵام لە کۆتاییدا دیبالا لە بیانکۆنێری مایەوە.