ڤیدیۆ؛ ئیتاڵیا بە لێدانی یەکلاکەرەوە نازناوی یۆرۆی لە بەرژەوەندی خۆیدا یەکلاکردەوە

رووداو دیجیتال

لە یاریی کۆتایی یۆرۆی 2020ـدا، هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لەنێو خاکی ئینگلیزەکاندا لە هەڵبژاردەکەیان بردەوە و جامی پاڵەوانێتییەکەی بەرزکردەوە.

لەسەر یاریگەی وێمبلی لە لەندەن، هەردوو هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و ئیتاڵیا یاریی کۆتایی یۆرۆی 2020ـیان ئەنجامدا و دوای یەکسانبوونی هەردوولا بە ئەنجامی 1 - 1 لە کاتی یاسایی و دوو نیوەی زیادکراودا، پەنایان بردە بەر لێدانەکانی یەکلاکەرەوە و بەخت بە ئازوورییەکان پێکەنی و جامەکەیان بردە رۆما، فرمێسکی حەسرەت و نیگەرانیشیان بۆ ئینگلیزەکان جێهێشت.

ئینگلتەرا هەر زوو زەنگی مەترسی بۆ ئیتاڵیا لێداو لوک شاو لە خولەکی 2 گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ئینگلیز بەدەستهێنا و یاریگەی وێمبلی بووە یەکپارچە چەپڵەڕێزان.

نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی خاوەن ماڵ بە گۆڵێک کۆتاییهات، بەڵام ئیتاڵییەکان لە نیوەی دووەمدا زۆر باش دەرکەوتن و لە خولەکی 67 لیۆناردۆ بۆنوچی گۆڵی یەکسانبوونی بەدەستهێنا.

ئیتاڵییەکان بەردەوام بوون لە گوشارخستنە سەر ئینگلیزەکان، بەڵام نەیانتوانی گۆڵی دیکە بکەن و تەنانەت لە هەردوو نیوەی زیادکراویشدا ئەنجامەکە وەک خۆی مایەوە و پەنایان بردە بەر لێدانەکانی یەکلاکەرەوە، کە تێیدا جیانلویجی دۆنارووما بە گەڕاندنەوەی دوو لێدان، پاڵەوانبوونی خۆی و هەڵبژاردەی وڵاتەکەی سەلماند و یارییەکە بە ئەنجامی 3 - 2 بۆ بەرژەوەندی ئازووری کۆتاییهات و ئیتاڵیا بووە پاڵەوانی ئەوروپا.

چەند ئامارێکی دوای یارییەکە

هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، کە 34 یارییە بەسەریەکەوە نادۆڕێت و 15 یارییە بەسەریەکەوە دەباتەوە، ئەوە دووەم نازناوی یۆرۆیە لە مێژووی خۆیدا ببێتە پاڵەوانی ئەوروپا، کە لە ساڵی 1968 و بەر لە 53 ساڵ بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا نازناوەکەی بردەوە.

ئینگلتەرا سێیەم هەڵبژاردەیە لەسەر خاکی خۆیدا بگاتە یاریی کۆاتایی یۆرۆ و نازناوەکە لەدەستبدات، کە پۆرتوگال لە 2004 و فەرەنسا لە 2016 لەسەر خاکی خۆیان نازناوەکەیان لەدەستدا.

جینالویجی دۆنارووما، لەدوای پیتەر شمایکلی گۆڵپارێزی ئەفسانەیی دانیمارک لە ساڵی 1992 دووەم گۆڵپارێزە لە مێژووی یۆرۆدا ببێتە باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگاڵی بە تۆمارکردنی 5 گۆڵ بووە گۆڵکاری یۆرۆی 2020.

هەڵبژاردەی ئیتاڵیا پێنجەم هەڵبژاردەیە بەر لە یۆرۆ بەشداری لە مۆندیالدا نەکردبێت و ببێتە پاڵەوانی ئەوروپا.

ئینگلتەرا لە مێژووی یۆرۆدا 4 جار بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە دۆڕاوە، کە زۆرترینە لە مێژووی ئەم پاڵەوانێتییەدا.

هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دوای 53 ساڵ نازناوێکی دیکەی یۆرۆی بردەوە، کە دوورترین مەودایە لەنێوان دوو نازناوی پاڵەوانێتییەکەد بۆ هەڵبژاردەیەک هەبێت.

یاریزانانی یانەی یوڤێنتوس لەم یۆرۆیەدا 12 گۆڵیان کرد، کە زۆرترین ژمارەی گۆڵە یاریزانانی یانەیەک لە پاڵەوانێتییەکی یۆرۆدا تۆماریان کردبێت.

دیمەنەکانی یارییەکە