رۆناڵدۆ بەفڕۆکەی خۆی منداڵانی نەخۆشی دەبردە نەخۆشخانەکانی ئیسپانیا
رووداو دیجیتاڵ
راگەیاندنکارێکی بەنێوبانگ نهێنییەکی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی ئاشکرا دەکات و شایەتی بۆ ئەوە دەدات کە کارێکی خێرخوازی زۆر گەورەی کردووە و منداڵە نەخۆشەکانی بە فڕۆکەکەی خۆی دەگواستەوە بۆ نەخۆشخانە.
لەخزەر بریش، راگەیاندنکاری بەنێوبانگی جەزائیری، چیرۆکێکی مرۆیی کاریگەری لە ژیانی ئەفسانەی تۆپی پێ کریستیانۆ رۆناڵدۆ و کارە خێرخوازییەکانی بەدرێژایی ژیانی وەرزشی، بەتایبەتی بەرامبەر بە منداڵان ئاشکراکرد.
لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا، لەخزەر بریش باسی لە لایەنە مرۆییەکانی ژیانی کاپتنی یانەی نەسڕى سعودی کرد کە وەک نهێنی وابوون و جەختی لەوەش کردەوە کە یارمەتیدانی منداڵە نەخۆشەکان شتێکی ئاسایی و تایبەتمەندیی رۆناڵدۆ بووە.
بریش گوتی "رۆناڵدۆ منداڵە نەخۆشەکانی بەفڕۆکە تایبەتەکەی لە پۆرتوگالەوە دەگواستەوە بۆ مەدرید تاوەکو لە پایتەختی ئیسپانیا چارەسەری وەربگرن، پاشان دەیگەڕاندنەوە بۆ ماڵەکانیان".
بریش زیاتر گوتی "رۆناڵدۆ رەتی دەکردەوە ئەوە ئاشکرا بکرێت و داوای دەکرد هەواڵی ئەو کارە مرۆییانە بڵاونەکرێنەوە".
ئەو راگەیاندنکارە لەدرێژەی قسەکانیدا، گوتی "لەکاتی هەڤپەیڤینیکی پێشتردا کە لەگەڵ رۆناڵدۆم ئەنجامدا، ئەمەی پێگوتم، بەڵام رەتیکردەوە پەخش بکرێت. هەر بۆیە ئەو بەشەی هەڤپەیڤینە لەسەر داوای خۆی سڕایەوە، سەرەڕای ئەوەی تۆمارکرابوو".
لەخزەر بریش جەختیشی کردەوە کە بەڕێوەبەری کارەکانی رۆناڵدۆ، کە لە کاتی هەڤپەیڤینەکەدا ئامادە بووە، هاتووەتە لای و داوای لێکردووە ئەو لێدوانانە بسڕێتەوە، چونکە رۆناڵدۆ نایەوێت ئاشکرایان بکات.
دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕى سعودی لە 30ـی حوزەیرانی رابردوودا، رۆناڵدۆ مانەوەی لە ریاز درێژکردەوە و گرێبەستێکی نوێی تاوەکو حوزەیرانی 2027 لەگەڵ یانەی نەسڕ واژۆکرد.
ئەو ئەستێرە پۆرتوگالییە، کە لە شوباتی رابردوودا تەمەنی بووە 40 ساڵ، وەرزی 2025-2026 یاری دەکات بەئامانجی بردنەوەی یەکەم نازناوی فەرمی لەگەڵ نەسڕ، کە لەوەتەی لە کانوونی دووەمی 2023 پەیوەندی بە یانەکەوە کردووە، نەیتوانیوە تیپەکەی بگەیێنێتە سەر سەکۆی نازناوەکان.
یانەی نەسڕ وەرزی نوێی بە بەشداریکردن لە جامی سوپەری سعودی 2024-2025 دەست پێدەکات، کە تێیدا لە قۆناخی پێش کۆتاییدا لە 19ـی8ـی2025 رووبەڕووی یانەی ئیتیحاد دەبێتەوە. لە پاڵەوانێتییەکەدا هەردوو یانەی هیلال و قادسیەش بەشدارن.