پێرێز ئەستێرەیەکی ریال مەدرید شۆک دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید دوای دەرچوون لە جامی جیهانی یانەکان، ئەستێرەیەکی یانەکەی شۆک دەکات و پێیدەڵێت "ئەگەر دەستەوارەیەکی 20 ملیۆن یۆرۆیت بۆ هات، دەتوانیت بڕۆیت!".
 
بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا، ریال مەدرید رووبەڕووی هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە دەبێتەوە سەبارەت بە دانی سیبایۆسی یاریزانی لەنێو کەشێکی پڕ لە گرژی و دڵەڕاوکێدا سەبارەت بە داهاتووی لەگەڵ یانەکە. 
 
هێشتا زۆر لە وردەکارییەکان بەنهێنی ماونەتەوە، لەکاتێکدا گومان و پێشبینییەکان لەسەر بژاردەکانی یانەکە و یاریزانەکە زیاد دەکەن لە وەرزێکی گواستنەوەدا کە لەوانەیە چەندین سوپرایزی چاوەڕواننەکراوی تێدابێت.
 
بەپێی رۆژنامەی دیفێنسا سێنتراڵـی ئیسپانی، ریال مەدرید بەتەواوی لە ناڕەزایەتیی دانی سیبایۆس ئاگادارە بەهۆی کەمبوونەوەی دەرفەتی یاریکردنی، هەروەها یانەکە چاودێریی لێدوانەکانی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەر دەکات کە بە یاریزانێکی "دەستبەرداربوون لێی ئاسانە" وەسفی کردبوو. 
 
ئێستا هیچ پلانێکی روون بۆ فرۆشتنی یاریزانەکە نییە، بەڵام ئەگەر سیبایۆس خواستی خۆی بۆ رۆیشتن دەرببڕێت، ئەوا کاردانەوەی کارگێڕیی یانەکە یەکلاکەرەوە دەبێت و دواناخرێت.
 
ئەو پەیامەی ئەگەر داوای رۆیشتن بکات بە یاریزانەکە دەگات، زۆر روونە و پێرێز پێیگوتووە "دەستەوارەیەک بە بەهای 20 ملیۆن یۆرۆ لەوانەیە دەرگای رۆیشتنت بۆ بکاتەوە".
 
تاوەکو ئێستا سیبایۆس هیچ هەنگاوێکی فەرمی لەم بارەیەوە نەناوە و ئامانجی یەکەمی ئەوەیە کە لەگەڵ ریال مەدرید بەردەوام بێت لە سەرکەوتنەکانی، بەتایبەتی لەگەڵ باشتربوونی ئاستی یانەکە بەسەرکردایەتیی چاپی ئەلۆنسۆ، کە هیوادارە متمانەی ئەو زیاتر بەدەستبهێنێت.
 
گرێبەستەکەی سیبایۆس تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2027 بەردەوامە و پلانی هەیە پێوەی پابەند بێت، بەڵام پشووی داهاتوو دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی بەهێمنی و وردی پێداچوونەوە بە داهاتووی خۆیدا بکات. 
 
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی ریال بێتیسەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە یاریزانەکە و کەسە نزیکەکانی ئارەزووی گەڕانەوە دەکەن بۆ ئەو یانەیەی کە تێیدا پێگەیشتووە.
 
سەرەڕای ئەوەی قسەوباس هەیە سەبارەت بەئەگەری گەڕانەوەی سیبایۆس بۆ بێتیس، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع هیچ شتێک نەجوڵاوە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی ئەو دەستەوارانەی کە کارگێڕیی ریال مەدرید رازی بکەن. تاوەکو ئێستا هیچ گرێبەستێک ئەنجام نەدراوە.
 
لەگەڵ هاتنی چاپی ئەلۆنسۆدا، وادیارە رۆڵی سیبایۆس پاشەکشە بکات بۆ ئەوەی ببێتەوە بە یاریزانێکی یەدەگ، دوای ئەوەی وەرزی رابردوو سەرەکی بوو. ئەمەش لەوانەیە پاڵی پێوە بنێت پێداچوونەوە بەبژاردەکانی داهاتووی خۆیدا بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا کات زووە، چونکە مانگی تەممووز سەرەتای وادەی گواستنەوەکانە، کە لەوانەیە لە هەفتەکانی داهاتوودا گۆڕانکاریی گەورە بەخۆیەوە ببینێت.