وردەکارییەکانی 'کۆبوونەوە گەرمەکە'ـی نێوان هانزی فلیک و تێرشتیگن

رووداو دیجیتاڵ

 

هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، نیوەڕۆی دوێنێ هەینی لەگەڵ گۆڵپارێز مارک ئاندرێ تێرشتیگن کۆبووەوە و کۆبوونەوەیەکی بەتەنیای گەرمیان ئەنجامداوە، ئەمەش پێش دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی نوێ.
 
بەگوێرەی رادیۆی کەتەلۆنیا، هەردووکیان گفتوگۆیان لەبارەی داهاتووی گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکەوە کردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی یانەکە گرێبەستی لەگەڵ خوان گارسیا لە یانەی ئیسپانیۆلەوە واژۆکرد، ئەمەش گومان و دەنگۆی لەسەر ئەگەری رۆیشتنی تێرشتیگن پێش دەستپێکردنەوەی خولەکان دروستکرد.
 
لەگەڵ ئەوەشدا راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە گۆڵپارێزەکە نایەوێت ریزەکانی یانە کەتەلۆنییەکە جێبهێڵێت.
 
کۆبوونەوەیەکی گەرم
 
لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، کە رادیۆی کەتەلۆنیا بە "گەرم" وەسفی کردووە، فلیک بۆ تێرشتیگنی روونکردووەتەوە کە بارودۆخەکە گۆڕاوە و چیدی ئەو گۆڵپارێزی یەکەمی بێ رکابەر نییە لە پێگەکەیدا.
 
راهێنەرە ئەڵمانییەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر گۆڵپارێزی سەرەکی نەداوە، و پێویستە لەسەر تێرشتیگن، خوان گارسیا و ڤۆیچێک چێزنی رکابەری لەسەر ئەو پێگەیە بکەن.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، فلیک بە تێرشتیگنی گوتووە کە ئەگەر بەم دۆخە رازییە،  ئەوا بەخۆشحاڵییە رازییە بەمانەوەی و دەرفەتی ئەوەی دەبێت رکابەری لەسەر پێگەی سەرەکی گۆڵپارێز بکات.
 
بەڵام لەهەمانکاتدا فلیک بۆ یانەکەی روونکردووەتەوە کە پێویستە پلان بۆ جێگرەوەی گۆڵپارێزە 33 ساڵانەکە دابنرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی لەم دواییانەدا لە پێکانێکی قورسی ئەژنۆی چاکبووەتەوە.
 
تاوەکو ئێستا بارسیلۆنا پلانی ئەوەی نییە تێرشتیگن ناچار بکات بۆ رۆیشتن، هەرچەندە رۆیشتنی لەڕووی داراییەوە یارمەتی یانەکە دەدات، بەڵام پەیامەکە روونە "ئەگەر گۆڵپارێزەکە دەیەوێت بمێنێتەوە، دەبێت بیسەلمێنێت کە لە رکابەرەکانی باشترە.