ریال مەدرید دوای ئابڕووچوونەکەی مۆندیال دەرگای گەنجینەکانی دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی خۆی ئامادە دەکات بۆ کردنەوەی دەرگای گەنجینەکانی، دوای ئەو ئابڕووچوونەی کە یانەکە لە جامی جیهانیی یانەکاندا لە بەرامبەر پاریس سانجێرمان تووشی بوو.
ریال مەدرید لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی جیهانیی یانەکانی 2025 بەشکستێکی شەرمەزارانە بەئەنجامی 4-0 بەرامبەر پاریس سانجێرمان ماڵئاوایی کرد، لە یارییەکدا کە یاریزانانی یانەی شاهانە تێیدا دیار نەمابوون.
مێرینگێ ئەم هاوینە 128 ملیۆن یۆرۆی خەرجکردووە و خۆی ئامادە دەکات بۆ زیادکردنی 50 ملیۆن یۆرۆی دیکە بۆ گواستنەوەی ئەلڤارۆ کارێراس، بەمەش کۆی خەرجییەکانی دەگاتە 178 ملیۆن یۆرۆ، کە پڕخەرجیترین وەرزی گواستنەوەکانی دەبێت لەماوەی 6 ساڵی رابردوودا.
وەرزێک بۆ دەرخستنی کەڵێنەکان
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی رایگەیاندووە کە وەرزێکی بێ نازناو کەڵێنەکانی نێو تیپەکەی دەرخست، بەتایبەتی لە هێڵی ناوەڕاستدا، دوای دەرچوون لە بەرامبەر پاریس سانجێرمان، ئەمەش پرسیاری لەسەر بوونی تەنیا 5 بەرگریکار لەژێر سەرپەرشتی راهێنەر چابی ئەلۆنسۆ دروست کردووە.
گرێبەستەکان
بڕی 63 ملیۆن یۆرۆیان بۆ گواستنەوەی ماستانتۆنۆی ئەرجەنتینی (بە سێ قیست) لەخۆگرتبوو، هەروەها 58 ملیۆن یۆرۆ بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ دین هاوسن (ئەمیش بە قیست)، لەگەڵ 7 ملیۆن یۆرۆ کە دراوە بە لیڤەرپوول بەرامبەر بەشداریکردنی ترێنت لە جامی جیهانیی یانەکاندا.
چابی ئەلۆنسۆ دوای دەرچوون لە مۆندیالەکە، گوتی "لە کاتی پاڵەوانێتییەکەدا باسمان لە پێکهاتە نەکرد، بەڵام هەمیشە کار بۆ باشترکردنی تیپەکە دەکەین".
بەتەواوبوونی گرێبەستی کارێراس، ئەم هاوینە دەبێتە پڕخەرجیترین وەرزی یانەکە لە ماوەی 6 وەرزی رابردوودا، بەڵام بەبێ گرێبەستی ئەستێرەی گەورە.
دوو ساڵ لەمەوبەر ریال مەدرید 134.4 ملیۆن یۆرۆی خەرج کرد، کە 103.9 ملیۆن یۆرۆی بۆ جود بێلینگهام بوو، کە دووەم گرانترین گرێبەستە لە مێژووی یانەکەدا، لەگەڵ ئاردا گولەر (24 ملیۆن یۆرۆ)، فران گارسیا (5 ملیۆن یۆرۆ) و خواستنی کێپا (یەک ملیۆن یۆرۆ) و خۆسێلو (نیو ملیۆن یۆرۆ).
لە ماوەی پێنج وەرزی رابردوودا لە 2020 تاوەکو 2024 یانەکە لە خەرجکردندا خۆپارێز بوو، بەجۆرێک خەرجییەکانی تەنیا 303.5 ملیۆن یۆرۆ بوو، بەمەش بەپێی ترانسفەر مارکێت لە پلەی 39ـەمی جیهاندایە.
ئەم خەرجییە کەمتربوو لە وەرزی 2019-2020 بەتەنیا، کاتێک 326.8 ملیۆن یۆرۆی بۆ هازارد، یۆڤیچ، میلیتاو، مێندی و رۆدریگۆ خەرج کرد، کە ئەنجامەکانیان جیاوازبوو، ئەمەش دوای وەرزێکی کارەساتباری 2018-2019 هات کە بەدوای رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و زینەدین زیدانی راهێنەر بوو.
پڕۆژەکەی چابی ئەلۆنسۆ ناگاتە ئەو ئاستەی خەرجییە، بەڵام 178 ملیۆن یۆرۆ وەڵامدانەوەی یانەکە بۆ پێداویستییەکانی تیپەکە نیشان دەدات.
ئەمە لەکاتێکدایە کە تاوەکو ئێستا، چێڵسی، لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی لە خەرجکردندا لەپێشەوەن، بەڵام بە گەیشتنی کارێراس، ریال مەدرید پێش سیتیزنەکان دەکەوێت.
داهاتی جامی جیهانیی یانەکان گرێبەستەکان دابین دەکات
ریال مەدرید ئەم خەرجییە لەڕێگەی داهاتەکانی جامی جیهانیی یانەکانەوە دابین دەکات، کە تێیدا 74.6 ملیۆن یۆرۆی لە تەنیا 6 یارییدا دەست دەکەوێت، واتە 6 هێندەی قازانجەکانی گەشتە هاوینەکەی ئەمریکا (13.24 ملیۆن یۆرۆ لە 3 یاریی دۆستانە بەرامبەر میلان، بارسێلۆنا و چێڵسی.
ئەی ئێس رایگەیاندووە کە ئەم دەستکەوتە داراییە پاڵپشتی لە ئامانجەکانی یانەکە دەکات لە بازاڕی گواستنەوەی ئەم هاوینەدا.