هەڵبژاردەی شاخەوانانی کوردستان دەچنە لوتکەی دەماوەند

رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی شاخەوانانی کوردستان دوای گەیشتنیان بە وڵاتی ئێران، بڕیارە ئەمڕۆ بگەنە لوتکەی چیای دەماوەند.

شاندەکە پێکهاتووە لە 17 شاخەوانی ئاستبەرزی گرووپە جیاجیاکانی سەر بە فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان، ماوەی چەند رۆژێکە هەڵبژاردەی شاخەوانانی کوردستان گەیشتوونەتە ئێران و راستەوخۆ رووییان لە چیای دەماوەند کردووە و تا دەگەنە لوتکەی چیاکە چوار رۆژ و چوار شەوییان پێویستە. 

چیای دەماوەند بەرزییەکەی 5671 مەترە کە بەرزترین چیایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەکەوێتە باکووری شاری تاران و لە زنجیرە چیاکانی ئەلبوردە، بەردەوام شاخەوانان بەهیوان گەشت بۆ لوتکەی ئەم چیایە بکەن. 

ئازاد گەردی، بەرپرسی ناوەندی هەولێر، لە فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند " شاخەوانانمان لە دۆخێکی زۆرباشدان و گەشتەکەیان بەشێوەیەکی زۆر سەرکەوتوو دەڕوات، ئەمڕۆ بەڕێکەوتوون بەرەو لوتکەی چیای دەماوەند ". 

شاخەوانە کوردەکان بەر لە گەشتکردنیان بۆ چیای دەماوەند ماوەی مانگێک لەنێو راهێنان و ئامادەکارییەکی چڕدابوون بۆ بەهێزکردنی توانای جەستەییان.

گەردی، زیاتر گوتی "متمانەیەکی زۆرمان بە ئاستی شاخەوانەکانمان هەیە و دەزانین بەباشترین شێوە گەشتەکەیان بەسەرکەوتوویی تەواو دەکەن، هەروەها ئامادەکاری دەکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا گەشتێک بکەین بۆ شاخی ئارارات لە تورکیا". 

فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان لە 2006 دامەزراوە سەرپەرشتی وەرزشیی شاخەوانی لە هەرێمی کوردستان دەکات، 34 گرووپی فەرمی لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان هەن ئەم وەرزشە دەکەن.