ڤیدیۆ راپۆرت؛ هۆکاری کۆچی دوایی نازم شاکر

12-09-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نازم شاکر
نازم شاکر
نیشانەکردن نازم شاکر
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتی وەرزشی کوردستان، کە ماوەی مانگێک لە نەخۆشخانە لەگەڵ نازم شاکر بووە و هاوڕێیەکی نزیکی ئەو راهێنەرە بوو، هۆکاری کۆچی دوایی ئەو بۆ رووداو ئاشکرا دەکات.

شاکر ئەحمەد سمۆ، بەڕێوەبەری گشتی وەرزش لە هەرێمی کوردستان بەشداریی لە بوڵتەنی کاژێر 14:30ـی هەواڵە وەرزشییەکانی رووداو کرد، لەبارەی کۆچی دوایی نازم شاکر گوتی، ئەوەی لە کوردستان بۆی کرا گەورەیی کوردستانی دەرخست و بۆ هەمیشە لەبیر عێراقییەکان دەمێنێتەوە.

شاکر زیاتر گوتی، ئامانجی ئێمە ئەوەبوو کارێک بۆ نازم شاکر بکەین، کە پێشتر نەکرابێت، وەک ئەوەی دوای مردنی ئەحمەد رازی کرا و دەنگۆی جیاوازی لەبارەوە دروستبوو.

بەڕێوەبەری گشتی وەرزشی کوردستان بە رووداوی گوت، نازم شاکر پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات، دووجار بە خۆم پشکنینی کۆرۆنام بۆیکردووە و هەردوو جارەکەش پشکنینەکانی نەرێنی بوون، بەڵام ئەو شەکرەی بەرزبووە و ئەوە بووە هۆکاری ئەوەی ماڵئاوایی لە ژیان بکات.

سمۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، لەسەرەتاوە نازم شاکر هەمیشە پێی دەگوتم کە دەمرێت، داواشی لێکردم کە دوای مردنی خانەوادەکەی هەر لە هەولێر بمێننەوە، کە ماوەی 15 ساڵە ئەو راهێنەرە و خانەوادەکەی لە هەولێر دەژین، ئەمەش خۆشەویستی ئەوی لای هەمووان زیاترکردبوو.

 

فرمێسکی ماڵئاوایین، لە کەسایەتی و ئەستێرەیەکی بەنێوبانگی تۆپی پێی عێراق و دونیای راهێنەرایەتی، کە کاپتن نازم شاکرە.

سێیەم گورزی کوشندە لەم ساڵدا بەر تۆپی پێی عێراقی کەوت و ڤایرۆسی کۆرۆنا جارێکی دیکە شەقامی وەرزشیی عێراقی رەشپۆشکرد، دوای ئەوەی بووە هۆی گیان لەدەستدانی نازم شاکری ئەستێرەی پێشووی عێراق.

ئێوارەی رۆژی هەینی، نازم شاکری یاریزانی ناوداری پێشووی هەڵبژاردەی عێراق و راهێنەری دیاری یانەی هەولێر لە یەکێک لە نخۆشخانەکانی شاری هەولێر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا.
  
نازم شاکر دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی شاری تایبەت لە هەولێر چارەسەری وەردەگرت، بەڵام وەک ئەحمەد رازی و عەلی هادی، نەیتوانی بەرگەی ئەم ڤایرۆسە بگرێت و دوای زیاتر لە مانگێک رکابەری لەگەڵ کۆرۆنا دواجاو دڵی لە لێدان وەستا و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا.

هەرچەندە ماوەی مانگێک چاودێرییەکی زۆری تەندروستیی نازم دەکرا و لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتیی وەرزشی هەرێمی کوردستانەوە خەرجییەکانی لە ئەستۆگیرابوو، بەڵام تەندروستیی ئەو ئەفسانەی تۆپی پێی عێراق رۆژبەرۆژ بەرەو خراپتر دەچوو، هەفتەی رابردوو  لەسەر راسپاردەی مستەفا کازمیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، تیمێکی پزیشکی لە بەغداوە گەیشتنە هەولێر بۆ ئەوەی چاودێریی نازم بکەن، بەڵام ئەوانیش دەسەڵاتیان بەسەر نەگریسی کۆرۆنادا نەشکا و لە کۆتاییدا نازم شاکر بۆ هەمیشە ماڵئاواییکرد.
 
شاکر وەک راهێنەر ناوێکی گەورەی تۆپی پێی عێراقە، هاندەرێکی زۆری لە شاری هەولێر هەیە، ئەو ماوەی چەندین ساڵە بەخۆی و خانەوادەکەیەوە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر دەژیان، تەواو تێکەڵی گوزەرانی خەڵکی پایتەختی کوردستان بووبوو، هەر ئەمەش وایکرد کە  سێ جار سەرکردایەتیی یانەی هەولێر بکات کە دوایینیان لە ساڵی رابردوو بوو. هەروەها راهێنەری یانەکانی سەلام، کەرخ، دهۆک، زاخۆ، نەفت، جەوییە، مەسافی بووە، جگە لەوانەش لە خولی کوردستان راهێنەرایەتیی یانەکانی ئارارات و پێرسیشی کردووە.
 
نازم شاکر، وەک راهێنەرێکی پیشەگەری عێراق لەگەڵ یانەی خولەکانی ئیمارات و ئوردن کاری کردووە،لە ساڵی 2005 بوە راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵیمپیی عێراق، لە 2010 راهێنەری هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق بووە و ساڵی دواتریش بووە راهێنەری هەڵبژاردەی خوار 23 ساڵان.
 
نازم شاکر، لەدایکبووی 1958ی بەغدایە، لە 1975 دەستی بە یارییکردن کردووە، وەک یاریزان لە یانەکانی عومال، جەوییە، لە هەڵبژاردەی لاوانی عێراقیش یارییکردووە، یەکێک بووە لە ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق لە مۆندیالی 1986ی مەکسیک، هەرچەندە بەرگریکاربوو، بەڵام خاوەنی سێ گۆڵی نێودەوڵەتییە و لە 1988 بەهۆی پێکان بەیەکجاری وازی لە یاریکردن هێنا. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە