بۆکاجۆنیۆرز لە بۆمبۆنێرا بۆمبە گەورەکەی تەقاندەوە
رووداو دیجیتاڵ
بۆکاجۆنیۆرز لەسەر یاریگەی بۆمبۆنێرا بۆمبە گەورەکەی تەقاندەوە و یاریی کلاسیکۆی ئەرجەنتینی لە رکابەرە هەمیشەییەکەی، رێڤەرپلەیتی بردەوە.
لە گەڕی 18ـی خولی ئەرجەنتیندا، لە یاریی سوپەر کلاسیکۆدا، یانەی بۆکاجۆنیۆرز بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە رێڤەرپلەیتی میوانی بردەوە.
یارییەکە وەک هەمیشە پڕ لە حەماسەت و بەریەککەوتن بوو، کە تیایدا 11 کارتی زەرد و کارتێکی سوور لە لایەن ناوبژیوانی یارییەکەوە بە رووی یاریزانانی هەردوولادا بەرزکرانەوە.
لە نیوەی یەکەمدا هەردوو تیپ وێڕای بردنی چەندین هێرش بۆ سەر گۆڵی یەکدی، نەیانتوانی تۆڕی یەک بهەژێنن.
لە نیوەی دووەمدا و لە خولەکی 65ـدا، داریۆ بێندێتۆ گۆڵی پێشکەوتن و تاکە گۆڵی یارییەکەی بۆ بۆکاجۆنیۆرزی خاوەن یاریگە تۆمارکرد.
دوای ئەو گۆڵە تیپی میوان زۆر هەوڵیدا گۆڵی یەکسانبوون تۆماربکات، بەڵام هەموو هەوڵەکانی بێسوودبوون و یارییەکە بە گۆڵێکی بێوەڵام لە بەرژەوەندی بۆکاجۆنیۆرزدا تەواوبوو.
لەو یارییەدا 6 یاریزانی بۆکاجۆنیۆرز و 5 یاریزانی رێڤەرپلەیت کراتی زەردیان وەرگرت و مارکۆس رۆخۆی بەرگریکاری بۆکاش بە کارتی سوور لە یارییەکە دەرکرا.
بەم ئەنجامە، بۆکاجۆنیۆرز بووە خاوەنی 32 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندیی و بە جیاوازی تەنیا 2 خاڵ لە ئاتلێتیکۆ تۆکۆمانی پێشەنگ، لە کاتێکدا رێڤەرۆلەیت 29 خاڵی هەیە وپلەی شەشەمی ریزبەندیی گرتووە.