ڤیدیۆ؛ پاشا لێبرۆن لەکوێ بێت نازناوەکان لەوێن

رووداو - دیجیتال 

پاشا لەکوێ بێت، نازناوەکان لەوێن، لە دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی، دروست لەوکاتەی کە کۆبی براینت لە ترۆپکی گەشانەوەیدابوو، لۆس ئانجلێس لەیکەرز جارێکی دیکە بووەوە بە پاڵەوانی خولی یاریزانە پیشەگەرەکانی ئەمریکا لە یاریی باسکێتبۆڵ.

کۆبی براینتی ئەفسانە وازیهێنا، ئیدی لەیکەرزیش بێ سەرکردە مایەوە، براینت کۆچی دواییکرد و هەمووان بێئومێدبوون لە دووبارە گەڕانەوەی سەردەمی زێڕینی ئەفسانەکانی ئانجلێس، کەچی لە کۆتاییەکانی تەمەنی یاریکردنیدا، پاشا لێبرۆن جەیمس پەیوەندی بە ریزی فریشتەکانەوەکرد و نازناوی 17ـیەمی لە مێژوودا بۆ ئەو تیپە بەدەستهێنا کە 10 ساڵە نەیتوانیوە نازناو بباتەوە.

لێبرۆن جەیمس 28 خاڵ و 14 ریباوند و 10 ئاسیستی هەبوو، کە ئەمە زۆرترین ئاماری یاریزانانی یارییەکە بۆ یاریزانە تەمەن 35 ساڵانەکە، لەیکەرز بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە یاریی شەشەمی فایناڵەکانی ئێن بی ئەی، بە ئەنجامی 106-93  لە تیمی میامی هیتی بردەوە.

ئەنتۆنی دەیڤس 19 خاڵ و 15 ریباوندی هەبوو بۆ لەیکەرز ، ئەو زۆرباش مامەڵەی لەگەڵ ئەو ئازارە گەورەیەدا کرد کە دوای مردنی براینت بۆ هاندەرانی تیپەکەی دروستبوو لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ و لە یاریی شەشەمدا بردنەوەی چوارەمی بۆ لەیکەرز تۆمارکرد کە بەم ئەنجامە پێویستی بە یاریی حەوتەم نەبوو، لۆس ئانجلێس چوار یاری بەرامبەر بە دوو یاری بووە پاڵەوان.

بام ئەدبایۆ 25 خاڵ و 10 ریباوندی بۆ میامی هەبوو کە 12 خاڵی لە جیمی بەتلەرەوە بەدەستهێنا، ئەو یاریزانەی کە لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ هیت تیپەکەی بردەوە بۆ سەر رێچکەی ململانێ، راجان رۆندۆش یەکێکی دیکە بوو لە ئەستێرەکانی یارییەکە و 19 خاڵی بۆ لەیکەرز تۆمارکرد.

جەیمس نازناوی چوارەمی خۆی بردەوە، کە لەگەڵ سێ تیپی جیاوازدا ئەو کارەی کرد، ئەو لە رکابەرییەکەی بەسەر مایکل جۆردانی گەورە ئەفسانەی باسکەدا سەرکەوت، کە هەردووکیان رکابەرییان لەسەر باشترین یاریزانی مێژووی یارییەکە دەکرد بەڵام لێبرۆن پێویستی بەم نازناوە بوو بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات، ژمارەی ئەو خاڵانەی کە بە درێژایی مێژووی تۆماریکردوون گەیشتە 34,241 خاڵ, بە باشترین یاریزانی خولەکەش دیاریکرا و خەڵاتی ئێم ڤی پی بردەوە.