راشفۆرد: دەمەوێت زۆرترین ماوە لە بارسێلۆنا بەسەر ببەم
رووداو دیجیتاڵ
مارکۆس راشفۆرد، ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و یانەی بارسێلۆنا ویستی خۆی بۆ بەردەوامبوون لەو یانەیە و یارییکردن بۆ زۆرترین وەرز لەگەڵ یانەکە دووپاتدەکاتەوە.
راشفۆرد هاوینی رابردوو بەشێوەی خواستین پەیوەندی بەبارسێلۆناوە کرد و بڕیارە تاوەکو کۆتایی وەرزی ئەمساڵ لەو یانەیە بمێنێتەوە.
ئەگەر بارسێلۆنا بیەوێت راشفۆرد لە یانەکەی بمێنێتەوە، دەبێ 26 ملیۆن یۆرۆ بداتە مانچێستەر یونایتد.
راشفۆرد دووپاتیکردووەتەوە دەیەوێت لە یانە کەتەلۆنییەکە بمێنێتەوە،ئەگەرچی یانەی گەورەی دیکەش هەبن بایەخ بەتواناکانی ئەو بدەن.
هێرشبەرە ئینگلیزییەکە دەڵێ، دەمەوێت زۆرترین وەرز لە یانەکەم بمێنمەوە، بەڵام دەبێ چاوەڕی بین بزانین چی روودەدات.
ئەو هەروەها دەڵێ، "دەبێ چاوم لەسەر ئەنجامدانی ئەرکەکانم بێت، هەروەها هاوکاریکردنی تیپەکەم بەهەموو شێوەیەک".
هەروەها دەڵێ، "لە یانەکە زۆر شت فێردەبم، شێوازی نوێ لە تۆپی پێ، کە وادەکات یاریزانێکی باشتر بم".
راشفۆرد زیاتر گوتوویەتی، "یارییکردن لە بارسێلۆنا ئەزموونێکی ناوازەیە، هەموو کات من لەهاندەرانی ئەو یانەیە بووم. بینەری یارییەکانیان بووم، ئەوان تۆپی پێیەکی سەرنجڕاکێش ئەنجامدەدەن".
پێشتر دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا رایگەیاندبوو کە یانەکەی مافی پێشینەی گرێبەستکردن لەگەڵ راشفۆردی هەیە، بەڵام هێشتا زووە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو کارە.
لە کاتێکدا، هانزی فلیکی راهێنەری یانەکە، وەک ئەوەی میدیاکانی کەتەلۆنیا ئاشکرایانکردووە، پێیوایە راشفۆرد ئەو یاریزانەیە کە تایبەتمەندییە پێویستەکان بۆ تیپەکەی لە خێرایی و دۆخگۆڕینی خێرا و گوشاری بەرز لە پێشەوە دابیندەکات و توانای دروستکردنی بۆشایی لە بەرگری تیپی بەرامبەردا هەیە.