ڤیدیۆ؛ عێراق بردییەوە و ئەستێرەکانی قسە بۆ رووداو سپۆرتس دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی عێراق هەنگاوێکی گرنگ لە گەیشتن بە مۆندیال نزیکبووەوە، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیندۆنیزیا بەدەستهێنا.
 
لە گەڕی دووەمی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، لە سعودیە، هەڵبژاردەی عێراق لە یەکەم یارییدا بەرامبەر ئیندۆنیزیا یارییکرد.
 
لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا، ئیندۆنیزیا زۆر باشتر دەرکەوت، هێرشی زۆری بردە سەر گۆڵی هەڵبژاردەی عێراق و کۆنتڕۆڵی یاریگەیان کرد، لە بەرامبەر هەڵبژاردەی عێراق یەک لێدانیشی بۆ گۆڵ نەبوو، بەڵام نیوەی یەکەم بەبێ گۆڵ تەواو بوو.
 
لە خولەکی 75 زیدان ئیقبال، لە دەرەوەی ناوچەی سزا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هەڵبژاردەی عێراق تۆمارکرد.
 
لە دوایین ساتەکانی یارییەکەدا زەید تەحسین، بەرگریکاری هەڵبژاردەی عێراق بەکارتی سوور کرایە دەرەوە.
 
یارییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی عێراق کۆتاییهات، رۆژی سێشەممە لە یاریی دووەمیدا بەرامبەر سعودیە یاری دەکات و پێویستی بەبردنەوەیە بۆ گەیشتن بە مۆندیال.
 
دوای یارییەکە ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی عێراق قسەیان بۆ رووداو سپۆرتس کرد لەبارەی بردنەوەیان لە ئیندۆنیزیا، شێرکۆ کەریم، یاریزانی کوردی یانەی زاخۆ بەشێوەی سەرەکی بەشداری لە یارییەکەدا کرد و گوتی "نیوەی یەکەم بەو ئاستە دەرنەکەوتین، توانیمان پلانەکە بگۆڕین و ئەو سێ خاڵە گرنگە بەدەستبهێنین."
 
 
 
شێرکۆ دەڵێت "ئەو سیستمەی یارییمان پێیدەکرد سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە لە نیوەی دووەم گۆڕانکاریمان کرد و پشتیوان بەخوا بتوانین لە یاریی داهاتووش سێ خاڵ ببەینەوە و دەبێت هەموو هەوڵێک بخەینەگەڕ بۆ گەیشتن بە مۆندیال."
 
زیدان ئیقبال، خاوەنی گۆڵی بردنەوەی هەڵبژاردەکە لە دوای یارییەکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "سوپاس بۆ خوا هەست بە خۆشیێکی زۆر دەکەم، دڵخۆشم بۆ خۆم و تیپەکەم و راهێنەرەکانم، سوپاس بۆ خوا گۆڵم تۆمارکرد، بەڵام ئەگەر هەر یاریزانێکی دیکە گۆڵی بکردایە هەمان هەستم دەبوو."
 
 
 
لەبارەی یاریی داهاتوویان بەرامبەر سعودیە زیدان بە رووداوی گوت " یاری داهاتوو؟ سەیرکە! پێویستە قسە لەگەڵ راهێنەر بکەیت دەربارە ئەمە، ئەو بڕیار لەسەر تیپ و تاکتیکەکان دەدات، ئەگەر بیەوێت کارێک ئەنجام بدات دەیکات، ئێمە یاریزانین و ئێستا کار لەسەر جەستەمان دەکەین بۆئەوەی بگەڕێتەوە باردۆخی ئاسایی خۆی."
 
رێبین سولاقا، بەرگریکاری هەڵبژاردەی عێراق دوای یارییەکە بەهەمان شێوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "زۆر دڵخۆشم بە بردنەوەمان لە یاریی یەکەم، بێگومان یارییەکی بەهێزبوو، ئێمە لە سەدا پەنجای کارەکەمان ئەنجامدا و سەدا پەنجای دیکە ماوە
ئێستا دەگەڕێینەوە و پشوو دەدەین و کار لەسەر یاریی داهاتوو دەکەین."
 
کێڤین یەعقوب، یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق لە دوای یارییەکە بە رووداوی گوت "ئێمە دەزانین یارییەکەمان بەرامبەر سعودیە زەحمەت دەبێت، هەردوو تیپ بەهای یارییەکە و گرنگییەکەی دەزانن بۆ گەیشتن بە مۆندیال، بۆیە یارییەکی پڕ لە ململانێ دەبێت، پێویستە بەباشترین یاریی خۆمان ئەنجامبدەین بۆ ئەوەی بیبەینەوە، بڕوامان بەخۆمانە و بڕوامان بە تیپەکەیە."
 
یەعقوب زیاتر گوتی "دڵنیام دەتوانین ئەنجامی بدەین، کەشوهەوا بۆ هەموومان وەکو یەکە و ئەوە ناکەینە بیانوو، بۆ هەموومان هەمان کەشوهەوایە و هەوڵدەدەین رابکەین و یارییەکی جوانی تۆپی پێ بکەین، پێویستە یارییەکی باشتر لەم یارییە بکەین، ئێوە شایەنی ئەوەن بگەنە مۆندیال، سوپاس بۆ پشتگیریتان و پاڵپشتیتان هەمیشە جێگەی بایەخی من بووە."