ڤیدیۆ؛ مێسی دوو گۆڵی تۆمارکرد و ئینتەرمەیامی بردنەوەیەکی گەورەی تۆمارکرد
رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی سەرکردایەتیی بردنەوەیەکی گرنگی یانەی ئینتەرمەیامیی کرد و لە یانەی ئاتالانتا یونایتدیان بردەوە.
لە گەڕی 33ـی خولی ئەمریکا، ئینتەرمەیامی بەرامبەر ئاتالانتا یونایتد یارییکرد، لە خولەکی 38 مێسی بە گۆڵێکی جوان دەرگای گۆڵکردنی بۆ یانەکەی کردەوە و نیوەی یەکەم بەو گۆڵە تەواو بوو.
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا خۆردی ئەلبا وەڵامی مێسیی دایەوە و بەهەمان شێوەی ئەو گۆڵی دووەمی بۆ ئینتەرمەیامی تۆمارکرد.
لە خولەکی 60 لویس سوارێز گۆڵێکی جوانی تۆمارکرد و ئینتەرمەیامیی کردە خاوەنی گۆڵی سێیەم.
بەر لە کۆتاییهاتنی کاتی ئاسایی یارییەکە بە چوار خولەک، مێسی گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی ئینتەرمەیامیی تۆمارکرد، خاوەن یاریگە یارییەکەی بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە و بووە خاوەنی 62 خاڵ و مێسی بە 26 گۆڵ گۆڵکاری خولی ئەمریکایە.