ئەنچێلۆتی دەتوانێت بەرازیلییەکان بەخەونە گەورەکە شاد بکات


رووداو دیجیتاڵ

لە پاش ساڵانێکی زۆر لە چاوەڕوانی، کارلۆ ئەنچێلۆتی ئومێدی بەرازیلییەکانی بەرەو بەدەستهێنانی شەشەم نازناوی مۆندیال لەکۆڵناوە و ئومێدی بەخشیوەتە ئەو نەتەوەیەی پێیوایە بەرهەمهێنی بەهرەمەندترینەکانی مێژووی تۆپی پێیە.
 
بەرازیل کە پێشتر پێنج جار نازناوی مۆندیالی بەدەستهێناوە، بەدەست دوورکەوتنەوە لە نازناوە جیهانییەکە دەناڵێنێت و دوایین ئاشنابوونی بەرازیلییەکان بەجامە زێڕینەکە بۆ ساڵی 2002 دەگەڕێتەوە. لەوکاتەوە بەرازیل بەقەیرانێکی قووڵی متمانە و ئاستدا تێدەپەڕێت.
 
بەرازیل ئەگەرچی لە 2014 میوانداریی پاڵەوانێتییە جیهانییەکەی کرد و یەکێک لە ئامانجەکانی بەدەستهێنانەوەی جامەکە بوو، نەک هەر سەرکەوتوو نەبوو لە خەونەکەیدا، بەڵکو دووچاری ئابڕووچوونێکی گەورەبوو، کاتێک لە قۆناخی پێشکۆتاییدا بە 7 - 1 گۆڵ بەئەڵمانیا دۆڕا.
 
بەرازیلییەکان لە ساڵانی رابردوودا پەنایان بۆ چەندین راهێنەری نێوخۆیی و گۆڕانکاریی زۆر لە هەڵبژاردەکەدا برد، بەڵام لە هەموو هەوڵەکانیاندا شکستیان هێنا، هەربۆیە بڕیاریاندا هانا بۆ راهێنەرێکی ئەزموونداری دەرەوەی وڵاتەکە ببەن و لە کۆتاییدا کارلۆ ئەنچێلۆتی بەمەشقدانی سیلیساو رازی بوو.
 
ئەنچێلۆتی کە تاکە راهێنەرە پێنج نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە، بەئەزموونێکی گەورە و کاروانێکی درێژ لە خولە جیاوازەکان، رووی لە بەرازیل کرد و ئەرکە نوێیەکەی وەرگرت.
 
ئەگەرچی ئەنچێلۆتی ماوەیەکی کەمە سەرپەرشتی هەڵبژاردەکە دەکات، بەڵام ئاستی بەرازیل لەگەڵ ئەو راهێنەرە ئیتاڵییە، ئومێدی گەورەی لای هاندەرەکانی دروستکردووە و ئەنچێلۆتی خۆیشی دووپاتیدەکاتەوە کە ئامانجی سەرەکی، بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی داهاتووە لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا.
 
لەژێر سەرپەرشتیی پیاوە سەرسپییە ئەزمووندارەکەدا، بەرازیل نیشانەی ئومێدبەخشی پێشکەوتنی پێشانداوە، لە پێنج یاریی رابردوودا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال و یاریی دۆستانە، بەرازیل سێ یاری بردووەتەوە، لەگەڵ یەک یەکسانبوون و یەک دۆڕانی هەبووە. دۆڕانەکە بەرامبەر ئیکوادۆر بوو لە پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ گەیشتنە مۆندیالی داهاتوو، بەڵام پێش یارییەکە، بەرازیل سەرکەوتنی بۆ مۆندیال مسۆگەرکردبوو.
 
ئەنچێلۆتی، کە کەسایەتییەکی هێمنی هەیە و بەزیرەکییە تاکتیکییەکەی ناسراوە، لەو ماوەیەدا کە سەرپەرشتی هەڵبژاردەکەی کردووە، بەرازیلی گۆڕیوە بۆ تیپێکی هاوسەنگتر و رێکخراوتر، لە هەمان کاتدا رۆحی هێرشبەریی نەریتی و هەڵقوڵاو لە فەلسەفەی بەرازیلی بۆ تۆپی پێ، زیندوو کردووەتەوە.
 
کارلیتۆ لەگەڵ بەرازیل، گرنگی بە خێرا گواستنەوەی تۆپ، کۆنتڕۆڵکردنی یاری، گوشارکردن لە تیپی بەرامبەر لە کاتی لە دەستدانی تۆپ، دەدات و ئەوەش هەڵقوڵاوی تێڕوانینی ئەورووپییانەی ئەو راهێنەرەیە بۆ تۆپی پێ.
 
لە رووی بەرگرییەوە، بەرازیل بەرەوپێشچوونی گەورەی پێشانداوە. هێڵی بەرگری ئێستا بە پشوودرێژی و رێکخستنی زیاترەوە یاریی دەکات، بۆشایی کەمتر بەتیپی بەرامبەر دەدات. هەروەها هانی بەرگریکەرانی باڵی تیپەکە دەدرێت بۆ ئەوەی بەشداری لە هێرشەکاندا بکەن، بەرگریکاران وەک یەکەیەکی یەکگرتوو دەجووڵێن، ئەمەش نیشانەی کاریگەری بیری ئەورووپی - ئیتاڵییانەی ئەنچێلۆتییە.
 
لە ناوەڕاستی یاریگادا، راهێنەرە ئیتاڵییەکە جەخت لەسەر کۆنترۆڵ، ریتم و سەقامگیری دەکاتەوە. ئەرکی یاریزانە ناوەڕاستکارەکان هەوڵدانە بۆ هێشتنەوەی تۆپ لای تیپەکە، لەکاتێکدا تیپی بەرامبەر گوشاری لێدەکات. 
 
ئەنچێلۆتی لەماوەی رابردوودا جارێکی دیکە کارلۆس کاسیمێرۆی بانگهێشتی ریزەکانی هەڵبژاردەکە کردەوە، پاشئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر ئەو یاریزانە بانهێشتنەکرابوو.
 
راهێنەری بەرازیل، متمانەی زۆری بەو یاریزانە هەیە، بەر لە دوایین یاریی هەڵبژاردەکە گوتی، کاسیمیرۆ سەرکردەیەکی گونجاوە بۆ ئەوەی لە قۆناخی داهاتوودا کاپتنی تیپەکە بێت.
 
لەگەڵ ئەنچێلۆتی، کاسیمیرۆ بەرپرسیارە لە پاراستنی هێڵی بەرگریی تیپەکە و دیاریکردنی ریتمی خێرایی یاری. لەپاڵ ئەودا، سیستەمی ناوەڕاستی یاریگا ئێستا زیاتر سەرنجی لەسەر گواستنەوەی تۆپە لە بەرگرییەوە، هەروەها گەیاندنی تۆپ بە هێڵی پێشەوەی تیپەکە و هاوسەنگی تاکتیکی.
 
لە هێڵێ هێرشبەریدا، شێوازی بەرازیل زیاتر هاوبەش و کارا بووە. لەبری پشتبەستن بە هەوڵی تاکەکەسی، تیپەکە ئێستا لە رێگەی سێگۆشەی پاسدان و جووڵەی خێرای بێ تۆپەوە یاریی دروستدەکات. هێرشبەران لە رێگەی گوشاری هاوئاهەنگیی نێوانیانەوە دەرفەتی زیاتر دروستدەکەن.
 
فەلسەفەی ئەنچێلۆتیش لە بانگهێشتکردنی یاریزانان بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەکە، جیاوازە لە راهێنەرانی پێشخۆی، لە کاتێکدا بەر لە ئەنچێلۆتی ناوی گەورە و ئەستێرە زۆر بایەخیان پێدەدرا، ئێستا ئەو راهێنەرە لەسەر بنەمای ئامادەیی یاریزانان و خزمەتکردن بەئامانجی هەڵبژاردەکە، لیستی یاریزانەکانی دیاریی دەکات.
 
ئەنچێلۆتی کە لە ماوەی کەمی کارکردنیدا لەگەڵ بەرازیل، بەردەوام رووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبێتەوە کە بۆچی نەیماری بانگهێشتنەکردووە، چەندینجار دووپاتیکردووەتەوە، ئامادەیی و ویستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکان بۆ خزمەتکردن بە هەڵبژاردەکە لە پێش هەموو شتێکەوەیە، هەر بۆیە نەیماریش کاتێک دەگەڕێتەوە، کە لە رووی جەستەییەوە ئامادەبێت و شیاوی یارییکردن بێت.
 
لێدوانەکانی ئەنچێلۆتی لەبارەی نەیمارەوە، گومانی لەسەر ئەوە دروستکردووە، ئەو ئەستێرەیە، یەکێک بێت لەو یاریزانانەی هەلی بەشداریکردن لە مۆندیالی داهاتووی پێ بدرێت، لە کاتێکدا ئەو بەدەست پێکانی دووبارە و درێژخایەنەوە دەناڵێنێت.
 
خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێش لە کاری ئەنچێلۆتی لەگەڵ بەرازیل، تێکەڵکردنی یاریزانە بە ئەزموونەکانە لەگەڵ یاریزانە لاوەکانە بۆ دروستکردنی پێکهاتەیەک کە هەم خەونی گەورەی یاریزانە لاوەکانی تێدابێت، هەم ئەزموونی گەورەی ئەو یاریزانانەی لەسەر ئاستی یانە، هەموو شتێکیان بەدەستهێناوە.
 
ئەنچێلۆتی سەرەتایەکی جێگەی سەرنجی لەگەڵ بەرازیل هەیە، بەڵام ئەرکە گەورەکە بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالە، ئەو ئەرکەی خۆی و هەموو بەرازیلییەک لە پێویستیی بەدەستهێنانیدا، هاوڕان.